گرفتەكانی پێست لە منداڵدا

گرفتەكانی پێست لە منداڵدا
گرفتەكانی پێست لەوانەیە كە پاش لەدایكبوون بە ماوەیەكی كورت سەرهەڵبدەن، بۆنموونە لەوانەیە كە گرفتە زگماكییەكانی پێست و ئاسەوارەكانی لەدایكبوون Birthmarks لەسەر پێستدا بەیەكەوە لە منداڵی تازەبوودا بەدی بكرێن. گرفتە زگماكییەكانی پێست هۆكارن بۆ نیگەرانی زۆری خێزانەكان بەتایبەتی بەرجەستەبوونی موولوولەكانی خوێن لەسەر پێستدا، بەڵام لەگەڵ پێشكەوتنی رێگاكانی چارەسەركردن بەتایبەتی نەشتەرگەری ئەوا ئەنجامی دراماتیكی لە چارەسەركردنی نەهێشتنی ئاسەوارەكانی لەدایكبوون لەسەر پێستدا دەبێت. لەگەڵ گەشەكردنی منداڵدا، گرفتەكانی وەكو زیپكەی پێشوەخت و ئاسەوارەكانی لەدایكبوون، دەبنە مەترسی بۆ پێستە ناسكەكەی منداڵ. لێرەدا پێویستە لەسەر دایك و باوك كە وریابن لە زیاد بەركەوتنی پێستی منداڵ بە تیشكی خۆر بەتایبەتی ئەمە سەلمێنراوە كە زیاد بەركەوتن بە تیشكی خۆر هەر لە تەمەنی منداڵییەوە رۆڵی هەیە لە تووشبوون بە شێرپەنجەی پێست لە تەمەنی گەورەدا. لە لایەكی ترەوە برین و ئاسەوارەكانی برین مەترسی ترن بۆ پێستی منداڵ لەوكاتەی كە تەمەنی منداڵی پڕە لە جوولە و چاڵاكیی فیزیكی، بۆیە گەلێكیان دوچاری برینداربوون دەبن كە ئەگەر بە دروستی چارەسەر نەكرێت ئەوا دەبێتە هۆی دواكەوتنی چاكبوونەوە و پەیدابوونی ئاسەواری بەرچاو لەسەر پێستدا. خۆشبەختانە تەكنیكە نوێكانی لێزەر و دەرمانی پێشكەوتووی پێست رۆڵی بەرچاویان هەیە بۆ چارەسەركردن و نەهێشتنی ئاسەوارەكان.
Top