هەتا ئەگەر پێتوابێت كە بە شێوەیەكی دروست مەشقی راكردن ئەنجام دەدەیت، هێشتا لەوانەیە كە دوچاری ئازاری ئەژنۆ بیت. لەوانەیە ئازاری ئەژنۆ وات لێبكات كە مەشقی راكردن رابگریت، یان پاش حەسانەوەیەك بیكەیتە مەشقی پیادەڕۆیی. پێویستە ئەمە بزانرێت كە خودی مەشقی راكردن راستەوخۆ زیان بە ئەژنۆ ناگەیەنێت و نابێتە هۆی ئازاری ئەژنۆ، بەڵكو هۆكاری تر لەپاڵ ئازارەكەن. ئازاری ئەژنۆ پاش راكردن زیاتر لە ژێرەوەی سابوونەی ئەژنۆدا Patella هەستی پێدەكرێت، لە سەرەتای دەستپێكی راكردندا ئازارەكە هێندە توند نییە، بەڵام پاش بەردەوامبوون بە ماوەیەك ئینجا توندیی ئازارەكە زیاتر دەبێت، لەوانەیە لەكاتی حەسانەوەشدا بۆ ماوەیەك بەردەوام بێت. هۆكارەكانی ئازاری ئەژنۆ لەكاتی راكردندا بریتین لە: زیاد ماندووكردنی ئەژنۆكان بە مەشقی توند بۆ ماوەیەكی زۆر، كەوتن یان زەبری راستەوخۆ بۆ جومگەی ئەژنۆ لە رابردوودا، ناجێگیربوونی ئێسكە بەشدارەكانی ناو جومگەی ئەژنۆ لە شوێنی خۆیان Misalignment لەكاتی راكردندا كە دەبێتە هۆی فشاری فیزیكی و ئازارێكی توند، ناجێگیربوونی سابوونە لە شوێنی خۆی لەكاتی راكردندا، گرفت لە جومگەكانی پێ یان تەختبوونی پێ Flat foot، لاوازیی ماسوولكەكانی ران كە دەبێتە هۆی فشارخستنە سەر چەند شوێنێكی دیاریكراوی سابوونەی ئەژنۆ لەكاتی راكردندا.