ئاستی كۆلیستیرۆل بەپێی تەمەن

ئاستی كۆلیستیرۆل بەپێی تەمەن
ئاستی كۆلیستیرۆل Cholesterol لە خوێندا دەگۆڕێت بە گوێرەی تەمەن، رەگەز، هەروەها كێشی لەش. بە تێپەڕبوونی كات، لەشی مرۆڤ بڕی زیاتری كۆلیستیرۆل بەرهەم دێنێت، واتە پێویستە كە پێگەیشتووان بە شێوەیەكی دەوری هەر 4-6 ساڵ جارێك ئاستی كۆلیستیرۆل بەسەر بكەنەوە. ئاستی كۆلیستیرۆل لەگەڵ تەمەندا بەرزدەبێتەوە، بۆیە پێویستە كە زووتر هەنگاوەكانی خۆپاراستن لە بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیستیرۆل بگرێنە بەر، پێویستە ئەمەش بزانرێت كە چارەسەركردنی كۆلیستیرۆلی كۆنترۆل نەكراو كە دابەزاندنی بۆ چەند ساڵێك دواخرابێت زۆر قوڕس دەبێت. بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیستیرۆل لە منداڵاندا دەگمەنە، بۆیە پێوست دەكات كە تەنیا 1-2 جار پشكنینی كۆلیستیرۆل پێش تەمەنی 18 ساڵی ئەنجام بدرێت، بۆ منداڵی قەڵەو پێویستە كە زووتر پشكنینی كۆلیستیرۆل ئەنجام بدرێت. بەگشتی پیاو زیاتر لە ئافرەت دوچاری بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیستیرۆل دەبێت. لە پیاوان، ئاستی كۆلیستیرۆل لەگەڵ تەمەندا بەرزدەبێتەوە، كەچی لە ئافرەتدا پاش تەمەنی وەستانی یەكجارەكی سووڕی مانگانە Menopause كە لە نێوان 45-55 ساڵیدایە ئاستی كۆلیستیرۆل بەرزدەبێتەوە. كۆنترۆلكردنی ئاستی كۆلیستیرۆل لە تەمەنێكی زوودا زۆر گرنگە، چونكە كۆنترۆلكردن و چارەسەركردنی بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیستیرۆل لە تەمەنی گەورەتردا هەرگیز ئاسان نییە.
Top