پێ لە 26 ئێسك پێكهاتووە،ئێسكی پاشنەی پێ گەورەترینی ئەم ئێسكانەیە. سەرەڕای سوودە تەندروستییەكانی مەشقی پیادەڕۆیی و راكردن،ئەگەر بۆ ماوەیەكی زۆر ئەنجام بدرێن ئەوا لەبەر فشاری زیاددەبنە هۆی ئازار لە بنی پێدا. هۆكارە باوەكانی ئازار لە بنی پێدا بریتین لە: زێدە ئێسك لە ئێسكی پاشنەی پێدا Heel spur، هەوكردنی ژێی پاشنەی پێ، هەوكردنی شانە نەرمەكانی بنی پێ، گرفت لە جومگەی گۆزرینگ، شكانی ئێسك. ئازار لە پاشنەی پێدا Heel pain باوترین جۆری ئازاری ژێرەوەی پێیە كە بە هۆی پیادەڕۆیی، راكردن، یان پازدان پەیدادەبێت و زیاتر لە تەمەنی 40-60 ساڵیدا روودەدات. ئازاری پاشنەی پێ لەوانەیە كە تەنیا لای پێشەوە یان لای پشتەوەی پاشنەی پێ بگرێتەوە. هەنگاوەكانی چارەسەركردن ئەمانەن: بەكارهێنانی دەرمانی دژەئازار، دانانی كەمادەی سارد، هەڵبژاردنی كەفشی دروست و بەكارهێنانی ناوپۆشی تایبەت بۆ كەفشەكان، مەساجكردنی پێ، چارەسەری سروشتی، بەكارهێنانی باندیجی تایبەت بۆ راگرتنی ماسوڵكە و ژێیەكان، هەروەها نەشتەرگەری بۆ حاڵەتە سەختەكان. بۆ خۆپاراستن لە ئازاری بنی پێ، پەیڕەوی ئەم خاڵانە بكە: دووركەوتنەوە لە زیاد ماندووكردنی پێیەكان، بەكارهێنانی كەفشی گونجاو لەكاتی پیادڕۆیی و راكردندا، هاوسەنگكردنی خۆراك، كەمكردنەوەی كێشی زیادی لەش بە مەبەستی كەمكردنەوەی فشار لەسەر پێیەكان لەكاتی وەستان و رۆیشتن و راكردندا.