گرنگیی مەشقی وەرزشی بۆ قوتابیان

گرنگیی مەشقی وەرزشی بۆ قوتابیان
ئەوە گومانی تێدا نییە كە چاڵاكیی بەدەنی یان فیزیكی Physical Activity مامناوەندی بۆ هەر تەمەنێك گرنگی تەندروستی زۆری هەیە بۆ لایەنی جەستەیی و دەروونی. پسپۆڕانی تەندروستی بە توندی جەخت لەمە دەكەنەوە كە پێویستە منداڵان لە تەمەنی قوتابخانەدا رۆژانە بەلای كەم 60 خولەك مەشقێكی وەرزشی مامناوەندی Moderate یان توند Vigorous لەژێر چاودێری مامۆستای وەرزشدا ئەنجام بدەن. لە زۆربەی لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە منداڵ هەر لەپاش تەمەنی 2 ساڵیدا پێویستە كە رۆژانە یەك كاتژمێر مەشقێكی وەرزشی مامناوەندی لە هەموو رۆژەكانی هەفتەدا ئەنجام بدات. نموونەی مەشقی وەرزشی لەو شێوەیە بریتین لە: رۆیشتنی خێرا، پەت پەتێن Jumping rope، تۆپی سەبەتە، تۆپی پێ، لێخوڕینی پایسكل، هەروەها راكردنی سووك یان مامناوەندی. شۆرشی تەكنەلۆژیا كاریگەری نێگەتیڤی كردۆتە سەر ئەم لایەنە، بەوەی كە منداڵان زیاتر كاتی خۆییان لە بەرانبەر گەمە ڤیدیۆییەكان و گەمەكانی كۆمپیوتەردا بەسەر دەبەن كە هیچ چالاكیی فیزیكی لەخۆناگرێت، ئەمەش زیان بە تەندروستییان دەگەیەنێت. لە لایەنی تیۆرییەوە وا باشترە كە ئەم 60 خولەكەی مەشقی وەرزشی كە پێویستە رۆژانە ئەنجام بدرێت لە قوتابخانەدا بە چاودێری مامۆستای وەرزش بكرێت، هەروەها پێویستە كە گرنگیی رۆشنبیری فیزیكی و چاڵاكیی وەرزشی بۆ قوتابیان روون بكرێتەوە و بە هەموو رێگایەك هان بدرێن. سوودەكانی مەشقی وەرزشی قوتابیان بریتین لە: بەهێزبوونی ئێسك و ماسوڵكەكان، خۆپاراستن لە زیادبوونی كێش و قەڵەوی، باشتركردنی لایەنی دەروونی قوتابی، باشتركردنی تواناكانی مێشك، هەستكردن بە خۆشی، یارمەتیدانی گەشەی جەستەیی.
Top