گرفتەكانی پێست لە نەوجەواناندا

گرفتەكانی پێست لە نەوجەواناندا
باوترین گرفتی پێست لە تەمەنی نەوجەوانیدا زیپكەی گەنجێتییە Acne، ئاكامە خراپەكانی زیپكەی گەنجێتی بریتین لە پەیدابوونی ئاسەوارەكان كە كاریگەری نێگەتیڤ دەكەنە سەر جوانیی پێست بەتایبەتی پێستی دەموچاو، بۆیە زوو مامەڵەكردن و چارەسەكردنی ئاسەوارەكانی زیپكە هەنگاوێكی گرنگە بەتایبەتی كە ئێستا بۆ ئەم مەبەستە گەلێك رێگای پێشكەوتوو لەبەردەستدان وەكو: لێزەر، دەرزی كۆلاجین Collagen، گواستنەوەی چەوری Fat transfer، رنینی پێست Dermabrasion. مووی نەخوازراو Unwanted hair گرفتێكی ترە كە بریتییە دەركەوتنی لەناكاوی ژمارەیەكی زۆری موو لە شوێنی نەخوازراوی لەشدا، ئەمەش هۆكارە بۆ ناڕەحەتی نەوجەوانان بەتایبەتی كچەكان، ئێستا لێزەر و تەكنەلۆژییەكانی تری رووناكی رۆڵی بەرچاویان هەیە بۆ لابردنی یەكجارەكی مووی نەخوازراو لە هەر شوێنێكی لەشدا، بۆ ئەنجامی باشتر لەوانەیە كە پێویست بە چەند كۆرسێكی چارەسەر بكات بە گوێرەی سروشتی پێست و رەنگی مووەكان. تەمەنی نەوجەوانی كاتی هەوڵدانە بۆ پشت بەخۆبەستن، ئەگەرچی ئەمە هەندێك ئاكامی خراپی بۆ پێست دەبێت، بۆ نموونە نەپاراستنی پێست لە كاریگەرییەكانی تیشكی سەرووی وەنەوشەیی یان تیشكی خۆر، هەروەها بەكارهێنانی لەرادەبەدەری ئاوێتەكانی جوانكاری بەبێ حیسابكردن بۆ لایەنی سەلامەتییان بۆ پێست و لایەنی تەندروستییەكانی ئەم ئاوێتانە. لە لایەكی ترەوە، فێربوونی جگەرەكێشان و خواردنەوەی ئەلكهول یان بەكارهێنانی دەرمان زیانی تر بە پێست دەگەیەنن.
Top