كەشی گەرم ئەگەری نەخۆشیی شەكرە زیاد دەكات

كەشی گەرم ئەگەری نەخۆشیی شەكرە زیاد دەكات
ئەمە روونە كە گۆڕان لە كەش و هەودا كاریگەری دەكاتە سەر تەندروستیی مرۆڤ. لە لێكۆڵینەوەیەكی نوێدا هاتووە كە گەرمبوونی زەوی پێوەندی هەیە بە زیادبوونی حاڵەتەكانی نەخۆشیی شەكرەی جۆری دووەم. ئەمەش روونكراوەتەوە كە بەرانبەر بە بەرزبوونەوەی هەر یەك پلەی سەدی(1.8 فەهرەنهایت) گەرمیی دەوروبەر، ئەگەری زیادبوونی 100000 حاڵەتی نەخۆشیی شەكرە دەكرێت تەنیا لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكادا. لە لێكۆڵینەوەكەدا هاتووە كە لەكاتی شەپۆڵەكانی سەرمای چەند رۆژی یەك لەدولی یەكدا، چەوری قاوەیی Brown fat لەش ئاكتیڤ دەبێت. چەوری قاوەیی لە چەوری سپیی White fat لەش جیاوازە، بەوەی كە لەكاتی ئاكتیڤبوونیی ئەوا هەستیاری لەش بەرانبەر بە هۆرمۆنی ئینسولین زیاتر و باشتر دەبێت، بە مانایەكی تر لەش سوودی باشتر لە ئینسولین وەردەگرێت. فرمانی چەوریی قاوەیی بریتییە لە سووتاندنی چەوری بۆ پەیداكردنی گەرمی كە گرنگە بۆ هێشتنەوەی پلەی گەرمی لەش لەكاتی سەرمادا. ئەمەش واتە چەوریی قاوەیی رۆلی هەیە لە پێوەندی نێوان پلەی گەرمی كەشوهەوا و نەخۆشیی شەكرەدا.ئەمەش راپۆرتكراوە كە كەسانی تووشبوو بە نەخۆشی شەكرەی جۆری دووەم كە لە كەشێكی ساردی مامناوەندیدا مانەوە بۆ ماوەی 10 رۆژ، كاردانەوەی خانەكانی لەشیان بەرانبەر بە هۆرمۆنی ئینسولین باشتر بوو، واتە بەرگری بەرانبەر بە ئینسولین كەم بوویەوە، هۆكاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ زیادبوونی چاڵاكیی چەوری قاوەیی بەتایبەتی لە وەرزی زستاندا. پێویستە ئەمە بزانرێت كە گەرمبوونی زەوی Global warming كاریگەریی نێگەتیڤ دەكاتە سەر تەندروستی، یەكێك لەم كاریگەرییانە زیادبوونی ئەگەری تووشبوونە بە نەخۆشیی شەكرە.
Top