ڕێژەی ئاو لە لەشی كەسانی پێگەیشتوودا 60-65%ی كێش لەش پێكدێنێت و لە خواردنەوەی ئاو و شلەمەنی و خواردنی سەوزە و میوە سەرچاوەدەگرێت، هەروەها رێژەیەكی كەمی ئاو لە ئەنجامی كرداری ئۆكسانی خۆراكەوە Oxidation لە لەشدا پەیدا دەبێت. پێویستی لەش بە ئاو لە هەر كەسێكدا پەیوەستە بە رێژەی سەرفكردنی وزە و رێژەی ونكردنی ئاو لە رێگای كۆئەندامی هەناسە، كۆئەندامی هەرس، كۆئەندامی میزەڕۆ، هەروەها ئارەقەكردن. كەمبوونەوەی رێژەی ئاو Dehydration دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی چەند نیشانەیەك. كەمبوونەوەی سەختی رێژەی ئاو مەترسی زۆری بۆ تەندروستی هەیە و هەندێك جاریش كوشندەیە ئەگەر زوو چارەسەرنەكرێت، بۆ نموونە لە نەخۆشیی كۆلێرادا ژیانی تووشبوو بە هۆی كەمبوونەوەی شلەی لەش و وشكبوونەوە لە ماوەیەكی كورتدا دەكەوێتە مەترسی مردنەوە. نیشانەكانی كەمبوونەوەی شلەی لەش یان وشكبوونەوە لەوانەیە كە سووك یان سەخت و مەترسیدار بن و بەندن بە رێژەی كەمبوونەوەی شلە لە لەشدا، بۆ نموونە: زیاد هەستكردن بە تێنوویەتی، وشكبوونی دەم و هەوكردنی دەم، زبربوون و وشكبوون و ئاوسانی زمان، هەستكردن بە داهزرانی لەش و كەمی وزە و بێهێزی گشتی لەش، سەرسووڕان كە لەوانەیە هێڵنج یان رشانەوەی لەدوابێت، دڵەكوتێ Palpitations، لە هەندێك حاڵەتدا شێوان Confusion، لەهۆشچوون لە حاڵەتە سەختەكاندا، كەمبوونەوی قەبارەی میز و تاریكبوونی رەنگی میز، كەمبوونەوەی ئارەقەكردن یان نەمانی ئارەقەكردن هەتا لە كەشی گەرم و شوێنی گەرم و شێداردا.