سك ئێشە لەپاش ژەمی خواردن Postprandial Abdominal Pain حاڵەتێكی پزیشكییە لە ئەنجامی كەم گەیشتنی خوێن بە كۆئەندامی هەرس روودەدات. 3 خوێنبەری سەرەكی خوێن دەگەیەننە رێڕەوەكانی هەرس، روودانی رەقبوون لە 2 خوێنبەردا Mesenteric Atherosclerosis دەبێتە هۆی ئازار لەپاش ژەمی خواردندا، نەگەیشتنی بڕی تەواوی خوێن بە كۆئەندامی هەرس دەبێتە ئەگەری ئازار و گرفت لە كرداری هەرسكردنی خۆراكدا، بەگشتی ئازارەكە 20 خولەك پاش ژەمی خواردن دەستپێدەكات، ئەمەش لە هەموو ژەمەكان و هەموو رۆژێك لە هەمان كاتدا سەرهەڵدەدات. لەوانەیە كە حاڵەتەكە نیشانەی دیكەشی بەدوادابێت وەكو: سكچوون، بەدهەرسی Dyspepsia، هێڵنج كە لەوانەیە رشانەوەی لەدوابێت. هەندێك جار رشانەوەی توند پاش هەر ژەمێكی خواردن دەبێتە ئەگەری كەمبوونەوەی كێشی لەش و بەدخۆراكی. رەقبوونی خوێنبەرەكانی دەوری ریخۆڵە كە ئەگەر لەكاتی گونجاودا چارەسەرنەكرێت ئەوا مەترسی بۆ تەندروستی پەیدا دەكات. هەنگاوەكانی چارەسەركردن بریتین لە: بەكارهێنانی دەرمانی دژەژی بۆ رێگرتن لە هەوكردن، خواردنی ژەمی بچووكتر، دووركەوتنەوە لە جگەرەكێشان و خواردنەوە ئەلكهولییەكان، لە هەندێك حاڵەتدا نەشتەرگەری پێویست دەكات بە پێی پەرەسەندنی یان چەندێتی زیان گەیشتن بە شانەكان، بۆ نموونە پێویستە كەشانە مردووەكان لە ئەنجامی گیرانی خوێنبەر و نەگەیشتنی خوێن لاببرێن. بەگشتی نەشتەرگەری پێویست دەكات بەتایبەتی بۆ حاڵەتە تیژەكان بۆ لابردنی شانە مردووەكان و گواستنەوەی بۆڕی خوێن( بایپاس Bypass) هاوكات لەگەڵ بەكارهێنانی دەرمانی فراوانكەرەوەی بۆڕییەكانی خوێن و دەرمانی دژی مەیینی خوێن.