بەكتریا بە شێوەیەكی سروشتی بە ژمارەیەكی یەكجار زۆر لە دەوروبەر و ژینگەماندا هەیە، لەوانەیە كە لەسەر خۆراك یان لەناو خۆراكدا هەبێت، بۆ نموونە پەڵەوڕ و هێلكە بە شێوەیەكی سروشتی جۆرێكی بەكتریا بە ناوی سالمۆنێللا Salmonella لەخۆدەگرن. خۆراكی لێنراو یان پوختەكراو كە بۆ خواردن ئامادە دەبێت، لەوانەیە كە بە بەكتریا ئالودە بێت بە رێگای بەركەوتن بە شلەی تكاوی گۆشتی خاو یان هەر خۆراكێكی تری ئالودەبوو بە بەكتریا. ئەو كەسانەی كە مامەڵە لەگەڵ خۆراكدا دەكەن ئەگەر پابەندی پاكوخاوێنی نەبن دەبنە سەرچاوە بۆ گواستنەوەی بەكتریا بۆ خۆراك. كە خۆراكێكی ئالودەبوو بە بەكتریا دەخۆیت ئەوا هەست بە بوونی بەكتریا ناكەیت، لەوانەشە كە تام و چێژ و بۆنی خۆراكەكە نەگۆڕابێت، بەڵام بەتایبەتی لە هاویندا لەوانەیە كە تووشی ژاراویبوونت Food Poisoning بكات و دوچاری چەند نیشانەیەك بیت وەكو: سكچوون، سك ئێشە، هێڵنج، رشانەوە، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش، سەرئێشە، هەستكردن بە هیلاكی و بێ هێزی لەش،كەمبوونەوەی رێژەی شلەی لەش Dehydration.