خەمۆكی Depression باوە لەنێو كەسانی تووشبوو بە نەخۆشیی دڵ. بە پێی ئامارە پزیشكییەكان، لە 20-40%ی تووشبووان بە نەخۆشیی دڵدا نیشانەی خەمۆكی بەدی دەكرێت، هەروەها لە نزیكەی 15-20%ی تووشبوواندا خەمۆكی گەورە Major depression یان قووڵ بەدی دەكرێت. یەك لە هەر 5 كەس لە تووشبووان بە نۆرەی دڵ یان پەككەوتنی دڵ لە ئاییندەیەكی نزیكدا دوچاری خەمۆكی دەبێت.ئەمەش روونكراوەتەوە كە تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ كاریگەری دەكاتە سەر گەلێك لایەنی ژیان وەكو: گۆڕانی هەڵوێست و مەزاج، دڵنیانەبوون لە ئاییندە، گومان لە توانای تەواو بۆ كار و پیشە و پداویستەكانی ماڵەوە، هەستكردن بە تاوان لەوەی كە دەیتوانی خۆی لە تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ بپارێزێت، گومان لە توانا فیزكییەكان.هەستكردن بە دڵتوندی و غەم پاش نۆرەی دڵ یان نەشتەرگەریی دڵ یان پاش دەستنیشانكردنی نەخۆشیی دڵ حاڵەتێكی ئاساییە كە پاش تێپەڕبوونی چەند هەفتەیەك سووك دەبێت و نامێنێت و تووشبوو دەگەڕێتەوە سەر كار و چاڵاكیی رۆژانەی، بەڵام كە مەزاجی نێگەتیڤ توند بوو، ئەوا كاریگەریی نەرێنی دەكاتە سەر ژیانی ئاسایی و هاوكات دەبێت لەگەڵ چەند نیشانەیەكی تر كە بۆ ماوەی زیاتر لە 2 هەفتە بەردەوام دەبن.