دووگیانی ژیانی ئافرەت بۆ هەتا هەتایە دەگۆڕێت

دووگیانی ژیانی ئافرەت  بۆ هەتا هەتایە دەگۆڕێت
دووگیانی Pregnancy تاقیكردنەوە و گۆڕانێكی هەمیشەیی گەورەیە لە ژیانی ئافرەتدا. دووگیانی تاقیكردنەوەیەكی نەزۆك و كورت نییە، بەڵكو پڕە لە مانا و خەباتێكی سەختە بۆ پەیدابوونی ژیانێكی نوێ كە دایك و باوك پێیەوە شاد دەبن. لەكاتی دووگیانیدا، ئافرەت رووبەڕووی حاڵەتێك دەبێتەوە كە ژیانی بۆ هەتا هەتایە دەگۆڕێت، ژیانی خێزانی، ژیانی هاوسەرێتی، هەروەها مەسەلەی دایكایەتی و پەروەردەی منداڵ دێنە پێشەوە. هەندێك ئافرەت بەم گۆڕانانە شاد و دڵخۆش دەبن، كەچی هەندێك ئافرەتی تر دوچاری نیگەرانی و گرژیی دەروونی دەبنەوە. بە درێژایی 280 رۆژی دووگیانی، هەر ئافرەتێك دوچاری گۆڕان و بارێكی دەروونی زۆر تایبەت بەخۆی دەبێت، ئەم گۆڕانە هەتا لە یەك ئافرەتدا لە دووگیانییەك بۆ دووگیانبوونێكی تر جیاوازی دەبێت. هەمان ئەو كێشە و گرفتە دەروونییانەی كە دوچاری ئافرەت بەگشتی دەبنەوە، دوچاری ئافرەتی دووگیانیش دەبنەوە، بەڵام تا رادەیەك پەیوەستن بە تەمەن و مانگەكانی دووگیانییەوە، بە مانایەكی دیكە هەر مانگێگی دووگیانی كاردانەویەكی دەروونی تایبەت بەخۆی هەیە. پاشان، بوون بە خاوەن منداڵ كاردانەوەیەكی دەروونی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت. دووگیانی فشار دەخاتە سەر لەش بۆ بەرهەمهێنانی گەلێك هۆرمۆن كە كاریگەری دەكەنە سەر باری دەروونی و جەستەیی، بۆ نموونە هەستكردن بە هیلاكی، لەبیرچوونەوە، هەڵبەزین و دابەزینی مەزاج و ئارەزووی خواردن..تاد، هەندێك ئافرەت دوچاری پەستی یان خەمۆكی دەبن لەكاتی دووگیانیدا.
Top