وتوویانە " شتی باشتر بۆ ژیانێكی باشتر لە رێگای كیمیاوە"، ئەگەرچی دەرمان بەشێكی زۆر گرنگە لە چارەسەری پزیشكیدا بەڵام گرفتەكە لەوكاتە سەرهەڵدەدات كە هەندێك دەرمان لەگەڵ یەكتردا كارلێك دەكەن، تێكەڵبوونی ماددەی كیمیایی یان دەرمان لەناو لەشدا لەوانەیە كە كارەساتی تەندروستی لێبكەوێتەوە. دەرمانەكان Medications ماددەی كیمایین، جیاوازیان هەیە لە پێكهاتن و رادەی ترشی و تفتیدا. هەندێك دەرمان دەبنە هۆی زیادكردنی كاریگەرییەكانی دەرمانێكی تر Synergestic یان كەمكردنەوەی كاریگەری دەرمانێكی تر Antagonistic یان شاردنەوە یان دواخستنی كاریگەری دەرمانێكی دیكە. تێكەڵكردنی دەرمانەكان دەبێتە هۆی زیادكردنی زیانە لابەلایەكان لەسەر بەشە جیا جیاكانی لەشدا، كاریگەرییە خراپەكانی تێكەڵكردنی دەرمان بەندە بە ژمارەی ئەو دەرمانانەی كە بە یەكەوە بەكاریان دەهێنیت، بۆ نموونە تێكەڵكردنی 2 دەرمان ئەگەری زیانە لابەلایەكان بە رێژەی 5% زیاتر دەكات، تێكەڵكردنی 5 جۆرە دەرمان ئەگەری زیانە لابەلایەكان بۆ 50% بەرزدەكاتەوە، هەروەها تێكەڵكردنی 8 جۆری دەرمان ئەگەری زیانە لابەلایەكان لەبەر كارلێككردنیان بۆ 100% بەرزدەكاتەوە، بۆیە تێكەڵكردنی دەرمان هەندێك جار مەترسی دەخاتە سەر ژیان. ئەگەرچی هەندێك لەو نەخۆشانەی كە شەكرە و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و كۆلیستیرۆلی بەرزیان هەیە لەوانەیە كە پتر لە 5-7 دەرمان بەیەكەوە وەربگرن و دوچاری زیانی لابەلای زیاتری دەرمانەكان بن، بەڵام لێرەدا بە چاودێری دكتۆر بڕ و جۆری دەرمانەكان بە شێوەیەك رێك دەخرێت كە نەخۆشییەكان بەبێ ئاڵۆزی لەژێر كۆنترۆلدا بمێننەوە لەگەڵ كەمترین رێژەی زیانە لابەلایەكانی تێكەڵكردنی دەرمان.