نەخۆشیی شەكرە ئەگەر بە باشی كۆنترۆل نەكرێت دەبێتە هۆی گەلێك ئاڵۆزی لە زۆربەی ئەندامەكانی لەشدا، لە چاویشدا دەبێتە ئەگەری گروپێك نەخۆشی كە بریتین لە: نەخۆشیی لە تۆڕەی چاودا Retinopathy، ئاوی سپی Cataract، ئاوی رەش Glaucoma. هەموو ئاڵۆزییەكانی چاو كە پەیوەستن بە نەخۆشی شەكرە لەوانەیە كە ببنە هۆی گرفتی گەورەی بینین و هەتا كوێربوون. لە راستیدا، نەخۆشیی شەكرە هۆكاری یەكەمی كوێربوونە لە تەمەنی 20-74 ساڵیدا. ئاستی بەرزی شەكری خوێن هۆكارە بۆ ناڕوونی بینین و ئاوی سپی(ڵێڵبوونی هاوێنەی چاو)، هەروەها تێكدانی بۆڕییە وردەكانی خوێن لە تۆڕەی چاودا، لەگەڵ دروستبوون و گەشەكردنی بۆڕی خوێنیی نوێی ناسك لە تۆڕەی چاو و لەناو شلەی چاودا Vitreous كە لەوانەیە خوێن بتزێتە ناو ئەو شلەیە و ببێتە هۆی ڵێڵبوونی بینین. هەندێك جاریش، دروستبوون و گەشەكردنی بۆڕی خوێنی نوێ بۆ سەر گلێنەی چاو( بەشە رەنگاورەنگەكەی چاو Iris) و گیرانی رێڕەوی شلە لە چاودا دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی چاو كە ئەگەر كۆنترۆل نەكرێت ئەوا مەترسی دەخاتە سەر تەندروستیی چاو. بۆ خۆپاراستن لە ئاڵۆزییەكانی نەخۆشیی شەكرە لە چاودا، پێویستە كە تووشبووان پەیڕەوی ئەم خاڵانە بكەن: هێشتنەوەی ئاستی شەكری خوێن لەژێر كۆنترۆلدا، بەسەركردنەوە و كۆنترۆلكردنی پەستانی خوێن، هاوسەنگكردنی خۆراك و پابەندبوون بە پارێز، ئەنجامدانی مەشقیی وەرزشی بە رێكی، دووركەوتنەوە لە جگەرەكێشان، پەیڕەوكردنی رێنماییەكانی دكتۆری نەخۆشی شەكرە و بەسەركردنەوەی تەندروستیی چاوەكان لە لایەن دكتۆری چاو بە شێوەیەكی دەوری.