ترس لە دووگیانی Tokophobia بریتییە نیگەرانی و ترسی زۆر و لەرادەبەدەر لە ئاڵۆزی تەندروستی یان مردن لە ئەنجامی دووگیانی یان منداڵبووندا بەبێ بوونی هیچ هۆكارێكی مەترسی. ئەمەش وا لە ئافرەت دەكات كە خۆی بە هەموو رێگایەك لە دووگیانی بپارێزیت. ترس لە دووگیانیی یەكەم یان ترس پێش دووگیانبوون لە نزیكەی هەموو ئافرەتێكدا بەدی دەكرێت. ترس لە دووگیانی، ئافرەت دوچاری پەستی دەكات، ئەمەش لەوانەیە كە ئاكامی خراپی لێبكەوێتەوە بۆ كۆرپە لەكاتی لەدایكبووندا بەتایبەتی لەدایكبوونی زێ Vaginal delivery. جگە لەمە، گەلێك جار باسكردن و گوێگرتن لە زانیارییە نێگەتیڤەكان و روودانی ئاڵۆزییەكانی پەیوەست بە دووگیانی و منداڵبوون لە ئافرەتانی تردا هۆكارە بۆ ترس لە دووگیانی. ترس لە دووگیانیی دووەم زیاتر لەو ئافرەتانەدا بەدی دەكرێت كە لە دووگیانی یەكەمدا بە تاقیكردنەوەیەكی نێگەتیڤدا تێپەڕیون، بۆ نموونە روودانی ئاڵۆزیی دووگیانی بەتایبەتی لەبارچوون یان نەشتەرگەریی قەیسەری یان مردنی كۆرپە، لێرەدا ئافرەت دوچاری حاڵەتێكی نیگەرانی و پەستی دەروونی دەبێت بە شێوەی بیركردنەوە لە روودانی مەترسی و پێشبینركردنی ئاڵۆزییەكانی دووگیانی یان منداڵبوون.