هەوكردنی تیژی ریخۆڵەكوێرە Acute appendicitis زیاتر لە منداڵ و نەوجەواناندا بەدی دەكرێت كە بریتییە لە هەوكردن و ئاوسانی ریخۆڵەكوێرە لە ئەنجامی گیرانی. بەگشتی هەوكردنی ریخۆڵەكوێرە بە نەشتەرگەری لابردنی ریخۆڵەكوێرەی هەوكردوو چارەسەردەكرێت كە باوترین نەشتەرگەری لەناكاوە كە بۆ منداڵان ئەنجام دەدرێت. لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە لەوانەیە بەكارهێنانی دەرمانی دژەژی(دژە میكرۆب Antibiotics) چارەسەرێكی سەركەوتوو بێت بۆ هەوكردنی تیژی ریخۆڵە كوێرە Appendicitis كە ئاڵۆز نەبووبێت لەجیاتی نەشتەرگەری لە منداڵانی تووشبوودا،ئەمەش روونكراوەتەوە كە دەتوانرێت زیاتر لە 75%ی حاڵەتەكانی هەوكردنی تیژی ریخۆڵەكوێرە لە منداڵاندا تەنیا بە دەرمانی دژەژی چارەسەربكرێن بەبێ پێویستی بە نەشتەرگەری. نزیكەی 10% حاڵەتەكانی هەوكردنی تیژی ریخۆڵەكوێرە دوچاری دروستبوونی بارستەگرێی ریخۆڵەكوێرە Appendix mass دەبنەوە كە سەرەتا بە دەرمانی دژەژی چارەسەردەكرێت بۆ پاككردنەوەی هەوكردن پاشان بە نەشتەرگەری لابردنی بارستەگرێ و ریخۆڵەكوێرە بە مەبەستی رێگرتن لە دووبارەبوونەوەی هەوكردن.رێژەی حاڵەتەكانی دووبارە سەرهەڵدانەوەی هەوكردنی ریخۆڵەكوێرە دەگاتە نزیكەی 14% كە پێویستییان بە نەشتەرگەری دەبێت. گەلێك لە پزیشكانی نەشتەرگەر هێشتا پێیان باشە كە هەوكردنی تیژی ریخۆڵەكوێرە بە نەشتەرگەری لابردنی ریخۆڵەكوێرە چارەسەربكرێت، ئەمەش زیاتر بۆ رێگرتنە لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی هەوكردنی تیژی ریخۆڵەكوێرە لە ئاییندەدا.