خۆت لە نەخۆشیی شەكرە بپارێزە
• بەسەركردنەوەی پشكنینی ئاستی شەكری خوێن بۆ دەستنیشانكردنی حاڵەتی پێش نەخۆشی شەكرە Prediabetes بەتایبەتی بۆ كەسانی بەساڵاچوو و ئەوانەی كە كێشی لەشیان زیادە. پشكنینی رۆتینی ئاستی شەكری خوێن زۆر پێویستە لە تەمەنی 45 ساڵی و بەسەرەوە. بە 3 جۆر پشكنین حاڵەتی پێش نەخۆشیی شەكرە دەستنیشان دەكرێت كە بریتین لە: پشكنینی ئاستی شەكری خوێن لە خورینی FBS، پشكنینی هیمۆگلۆبینی گلوكۆزبوو HbA1C، لەگەڵ پشكنینی بەرگەگرتنی گلوكۆز OGTT.
• كۆنترۆلكردنی كێشی لەش. بە دابەزاندنی 7%ی كێشی زیادی لەش ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە تا رێژەی زیاتر لە 50% كەم دەبێتەوە.
• پەیڕەوكردنی خۆراكی هاوسەنگ و تەندروستییانە و دووركەوتنەوە لە شیرینی، خۆراكی پرۆسێسكراوProcessed foods، خوێی زیاد.
• وەرگرتنی بڕێكی باشی ریشاڵ لە خۆراكدا وەكو دانەوێڵەی تەواو، سەوزە و میوە، پاقلەمەنییەكان. ریشاڵ یارمەتیدەرە بۆ زووتر هەستكردن بە تێربوون و كۆنترۆلكردنی ئاستی شەكری خوێن.
• مەشقی فیزیكی بەردەوام یان زیادكردنی چاڵاكیی بەدەنی رۆڵی هەیە بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشیی شەكرە و نەخۆشیی دڵ. واباشە مەشقی وەرزشی رۆژانە بۆ ماوەی 30 خولەك ئەنجام بدرێت.
• پەیڕەوكردنی هەنگاوەكانی سووككردن یان كەمكردنەوەی سترێس. سترێس بە 2 رێگا كاریگەری دەكاتە سەر ئاستی شەكری خوێن: بەرزبوونەوەی شەكری خوێن، فەرامۆشكردنی پەیڕەوكردنی خۆراكی تەندروستییانە و مەشقی وەرزشی.