ئایا جارێك دوچاری سەرئێشە بوویت راستەوخۆ پاش لەخەوهەڵسان؟ سەرئێشە نیشانەیە بۆ ژمارەیەكی زۆری حاڵەت و نەخۆشی. سەرئێشەی بەیانیان Morning headache یەكێكە لەو حاڵەتانەی كە هەموو كەسێك هەتا منداڵیش دوچاری دەبێت. زۆربەی حاڵەتەكانی سەرئێشە سادەن، بەڵام هەندێك جار سەرئێشە نیشانەیەكە بۆ نەخۆشییەكی ترسناك بۆیە پێویستە كە سەرئێشە بە هیچ شێوەیەك فەرامۆش نەكرێت. ئەگەر سەرئێشە لە خەو بەئاگات بكاتەوە، ئەوا لەوانەیە كە پێوەندی بە پەستی یان خەمۆكییەوە هەبێت، لەوانەشە كە هۆكارەكەی بگەڕێتەوە بۆ: بوونی گرێی لە مێشكدا Brain tumor، هەناسەڕاوكێ لەكاتی نووستندا، خواردنەوەی ئەلكهول، بەرزبوونەوەیەكی سەختی پەستانی خوێن، پاش وازهێنان لە خواردنەوەی چای یان قاوە لەو كەسانەی كە لەسەر كافائین راهاتوون، كۆكەی زیاد، زیاد پژمین، كەمبوونەوەی شلە لە لەشدا Dehydration، نەشتەرگەریی كەناڵ یان رەگی ددان Root canal، خواردن و خواردنەوەی زۆر سارد، هەڵمژینی دوكەڵ، هەڵمژینی دووم ئۆكسیدی كاربۆن، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش، چوون بۆ شوێنی بەرز كە لەوێدا رێژەی ئۆكسجین لە هەوادا نزمە، هەوكردنی رێڕەوەكانی سەرەوەی كۆئەندامی هەناسە. سەرئێشەی بەیانیان كە زوو زوو دووبارە بێتەوە، ئەوا زیاتر لە ئەنجامی شەكەتی دەروونی یان سترێسدا Stress روودەدات. شەقەسەر و گرژە سەرئێشە Tension headache دوو جۆری تری سەرئێشەن كە بەیانیان زوو تووشبوو لە خەو هەڵدەستێنن یان لەگەڵ كاتی هەڵسان لە خەودا دەستپێدەكەن.