بالوكە Warts بە هۆی ڤایرۆسەوە لەسەر پێست پەیدادەبێت. نزیكەی 60 جۆری ڤایرۆسی بالوكە لەسەر پێستی مرۆڤدا هەیە كە لەوانەیە ببنە هۆی پەیدابوونی بالوكە. ئێمە رۆژانە رووبەڕووی ڤایرۆسی بالوكە دەبینەوە جا بە بەركەوتن بە یەكێك كە بالوكەی هەبێت یان بە بەركەوتن بەو شوێنەی كە كەسێكی تووشبوو دەستی لێدابێت. تا ئێستا بە تەواوی نەزانراوە كە بۆچی هەندێك كەس تووشی بالوكە دەبن و هەندێك كەسی تر بە درێژایی تەمەنیان تەنانەت بۆ یەك جاریش تووشی بالوكە نابن. بالوكە لەوانەیە كە لەسەر دەست و پێ و پەنجەكاندا دەركەوێت كە تا رادەیەك بەرجەستە و بەرزترە لە ئاستی پێست. بالوكەی تەخت Flat warts كە لووس و هەمان رەنگی پێستیان هەیە، زیاتر لەسەر دەست و دەموچاودا بەدی دەكرێن، هەروەها لەسەر قاچی ئەو ئافرەتانەی كە مووەكان بە تاشین لادەبەن. بالوكە لەوانەیە كە لەسەر ئەندامەكانی زلوزێشدا دەركەوێت بە ناوی كۆندایلۆما Condyloma كە ئەگەر چارەسەر نەكرێت ئەوا گرفتی تەندروستی دەنێتەوە. بالوكە بە چەندین رێگا چارەسەر دەكرێت، بۆنموونە لەزگەی تایبەت كە چەند ماددەی كیمیایی ترشی پێوەیە وەكو ترشی سالیسیلیك Salicylic acid و ترشی لاكتیك Lactic acid، بەكارهێنانی نایترۆجینی شل Liquid nitrogen، هەروەها لابردن بە نەشتەرگەری بچووك.