پاراسیتۆل مەترسی بۆ جگەر هەیە

پاراسیتۆل  مەترسی بۆ جگەر هەیە
پاراسیتۆل، یان پاراسیتامۆل Paracetamol باوترین دەرمانی دژە ئازارە لە سەرتاسەری جیهاندا، چونكە هەرزانە و بە دەرمانێكی سەلامەت دادەنرێت ئەگەر بە ژەمی ئاسایی بەكاربێت. بەم دواییە زانایان لە لێكۆڵنەوەكانیاندا گەیشتنە ئەو ئەنجامەی كە پاراسیتۆل خانەكانی جگەر تێكدەدات، ئەم كاریگەرییەش بە ژەمی پاراسیتۆل و ماوەی بەكارهێنانی دەرمانەكەوە بەندە. هەروەها پسپۆران لە زانكۆی ئێدنبێرگ جەختیان لەمە كردۆتەوە كە پاراسیتۆل هۆكارە بۆ تێكدانی هەماهەنگی بنچینەیی نێوان خانە دراوسێكانی جگەردا، بەمەشەوە شانەكانی جگەر دوچاری تێكشكان دەبن، ئەمەش كاریگەریی نێگەتیڤی توند دەكاتە سەر فرمانی دروستی خانەكانی جگەر و لەوانەشە كە خانەكان لەناوبچن.بەكارهێنانی پاراسیتۆل هەندێك جار مەترسیدارە و هۆكارە بۆ پەككەوتنی تیژی جگەر بەتایبەتی بۆ ئەو كەسانەی كە نەخۆشییان لە جگەردا هەیە وەكو هەوكردنی ڤایرۆسی جگەر، مۆمبوونی جگەر Liver cirrhosis، هەروەها شێرپەنجەی جگەر.ئەگەرچی پاراسیتۆل تا رادەیەك دەرمانێكی سەلامەتە و بە بێ راچێتە دەست دەكەوێت، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا، هێشتا پێویستە ئەم راستییە لەبیرنەكەین كە پاراستیۆل و گەلێك دەرمانی تر هۆكارن بۆ تێكدانی خانەكانی جگەر، بۆیە باشترە كە تا بكرێ ژەمی بچووكتر و بۆ ماوەی كورتتر بەكاربهێنرێت و تەنیا بە رێنمایی دكتۆر بێت.
Top