تووشبووان بە نەخۆشیی شەكرە بەوە ئاشنان كە نەخۆشییەكەیان گرفت پەیدا دەكات بۆ چاو، دەمارەكان، گورچیلە، دڵ، لەگەڵ پێست و سستمی تری لەش، بەڵام ئایا دەزانی كە نەخۆشیی شەكرە گرفت بۆ دەم پەیدادەكات؟نەخۆشیی شەكرە هۆكارە بۆ نەخۆشی پوك، هەوكردنی درێژخایەن و سەختی پوك Periodontitis، هەوكردنی ئێسك كە ددانەكان لە شوێنی خۆیدا رادەگرێت. نەخۆشی پوك هۆكارە بۆ گرفت و ناڕحەتی لەكاتی جوینی خۆراكدا، هەروەها هۆكارە بۆ لەدەستدانی ددان. وشكبوونی دەم گەلێك جار نیشانەیەكی شاراوەیە بۆ نەخۆشی شەكرە و دەبێتە ئەگەری سووتانەوە، كولبوونی دەم، هەوكردنی ناوپۆشی دەم Stomatitis، بۆنی ناخۆشی دەم و هەستكردن بە چێژی تاڵ لە دەم و قوڕگدا، هەروەها كلۆربوونی ددان. بۆ خۆپاراستن لە گرفتەكانی دەم و پوك و ددان لە تووشبووان بە نەخۆشیی شەكرە، پێویستە كە بە هەموو رێگایەك هەوڵ بدەن كە ئاستی شەكری خوێن بە بەردەوامی لەژێر كۆنتڕۆڵدا بهێڵنەوە كە بە كلیلی خۆپارستن لە گرفتەكانی دەم و ئاڵۆزییەكانی تری نەخۆشیی شەكرە دادەنرێت، هەروەها رۆژانە شووشتنی ددان بە فڵچە و هەویری ددانی گونجاو هاوكات لەگەڵ بەكارهێنانی داوی ددان Floss، لەگەڵ دووركەتنەوە لە جگەرەكێشان و بەسەركردنەوەی تەندروستیی دەم و ددان لە لایەن دكتۆری ددان هەر 6 مانگ جارێك.