پێویستە كارمەندی بەنزینخانەكان وریا بن لە هەڵمژینی هەڵمی بەنزین

پێویستە كارمەندی بەنزینخانەكان وریا بن لە هەڵمژینی هەڵمی بەنزین
بەنزین Benzene بێڕەنگ، یان زەردێكی كاڵە، بۆنێكی تایبەتی هەیە، ئەگەرچی لە هەوا قوڕسترە، بەڵام بە بەركەوتن بە هەوا زوو دەبێتە هەڵم، هەروەها بە خێرایی گڕدەگرێت. بەنزین جگە لە نەوتی خاو و گازۆلین، لە دوكەڵی جگەرەشدا هەیە، هەروەها چەندین ماددەی كیمیایی تر بەنزین لەخۆدەگرن وەكو: هەندێك جۆری پلاستیك، نایلۆن، لاستیك، بۆیە، ماددەی پاككەرەوە Detergents، بكوژی مێروو. هەوای دەرەوەی ماڵ رێژەیەكی نزمی بەنزینی تێدایە كە لە دوكەڵی جگەرە و ئۆتۆمۆبیل و بەنزینخانە و كارگەكان سەرچاوە دەگرێت. هەوای ناو ماڵ رێژەیەكی بەرزتری بەنزین لە هەوای دەرەوە لەخۆدەگرێت بۆ نموونە لە بۆیە، سمغی مۆبیلیا و جۆرەكانی تری سمغ، هەروەهاپاككەرەوەكان. هۆكاری سەرەكی بەركەوتن بە هەڵمی بەنزین دوكەڵی جگەرەیە، هەروەها ئەو كەسانەی كە لە بەنزینخانەكاندا كار دەكەن زیاتر رووبەڕووی هەڵمژینی هەڵمی بەنزین دەبنەوە، بۆیە پێویستە كە تا بكرێت خۆیان لە هەڵمژینی هەڵمی بەنزین بپارێزن. بەنزین كاریگەری خراپ دەكاتە سەر مۆخی ئێسك و لە چاڵاكییەكەی كەم دەكاتەوە و دەبێتە هۆی كەمخوێنی، تێكدانی سستمی بەرگری لەش بە لەناوبردنی خڕۆكە سپییەكانی خوێن. نیشانەكانی راستەوخۆ پاش هەڵمژینی بڕێكی زۆری هەڵمی بەنزین لە ماوەی چەند خولەكێك تا چەند كاتژمێرێك بریتین لە: بۆرژان، سەرسووڕان، دڵەكوتێ، سەرئێشە، دەست لەرزین Tremor، شێوان، لەهۆشچوون كە لەوانەیە بگاتە مردن ئەگەر درێژە بكێشێت. بەركەوتنی درێژخایەن بە هەڵمی بەنزین ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە زیاد دەكات.
Top