قەستەرەی دڵ Cardiac catheterization گرنگی زۆری هەیە لە دەستنیشانكردن و چارەسەركردنی چەندین نەخۆشی دڵ، بۆ نموونە نەخۆشی خوێنبەرەكانی تاجی دڵ CHD، گرفت لە زمانەكانی دڵدا Valve defects، گەورەبوونی قەبارەی دڵ، سەقەتییە زگماكییەكانی دڵ وەكو چوارینەی فالۆت TOF یان بوونی كونی نێوان دوو سكۆڵەی دڵ، بەرزبوونەوەی پەستانی سییەكان. ئەگەری روودانی ئاڵۆزییەكان لەكاتی تێستی قەستەرەی دڵ كەمێك زیاترە لە ئەگەری ئاڵۆزییەكان لەپاش پشكنینەكانی تری دڵ، بەڵام ئەم ئەگەرە یەكجار كەم دەبێتەوە ئەگەر لە لایەن تیمێكی شارەزاوە ئەنجام بدرێت. ئەو مەترسی و ئاڵۆزییانەی كە لەوانەیە لەكاتی ئەنجامدانی قەستەرەی دڵدا رووبدەن بریتین لە: خوێنبەربوون، دابەزینی پەستانی خوێن، جەڵتەی مێشك Stroke، تێكچوونی ریتمی لێدانەكانی دڵ Arrhythmias، كۆبوونەوەی شلە لە دەوری دڵدا Cardiac tamponade، نۆرەی دڵ، برینداربوونی خوێنبەرەكانی دڵ، ئەگەری هەوكردن، دروستبوونی تۆپەڵی بچووكی خوێنی مەییو لەسەر دەمی سۆندەی قەستەرە كە لەوانەیە ببێتە هۆی گیرانی یەكێك لە خوێنبەرەكانی لەش.