ئەمە راستییەكی زانستییە كە زیاد خواردنی خۆراكی باش و تەندروستییانەش بۆ تەندروستی زیانبەخشە، ئەم راستییە میوەش دەگرێتەوە ئەگەرچی هەموومان بە سوودە گرنگەكانی میوە ئاشناین. زیاد خواردنی میوە لەوانەیە كە ببێتە هۆی زیادبوونی كێشی لەش و قەڵەوی، لەو كاتەی كە میوە زیاتر لە خۆراكەكانی تر دەخورێت بەتایبەتی ئەو جۆرانەی كە چێژیان شیرینە واتە رێژەیەكی زیاتر شەكری میوە یان فركتۆز Fructose لەخۆدەگرن. زیاد خواردنی هەر جۆرێكی خۆراك لەوانەیە كە ببێتە ئەگەری زیادبوونی كێشی لەش ئەگەرچی هەندێكیان پتر لەوانی تر وزە لەخۆدەگرن و زووتر كێشی لەش زیاد دەكەن. زۆربەی جۆرەكانی میوەی تازە نزیكەی 20-15 كالۆری وزە بۆ هەر ئۆنسێك لەخۆدەگرن، بۆ نموونە سێوێكی مام ناوەندی كە دەكاتە 6 ئۆنس(170گرام) نزیكەی 100كالۆری لەخۆدەگرێت. مەسەلەكە كەمێك جیاوازە بۆ شیرەی میوە، چونكە گەلێك كەس نزیكەی 12ئۆنس (355میللیلیتر) شیرەی میوە لەگەڵ ژەمێكی خۆراكدا دەخۆنەوە كە ئەگەر شەكری تێنەكرابێت ئینجا نزیكەی 200 كالۆری وزە لەخۆدەگرێت. میوەی وشككراو وزەی زیاتر لە میوەی تازە لەخۆدەگرێت، بۆ نموونە 170 گرام مێوژ نزیكەی 500 كالۆری وزە لەخۆدەگرێت. لەبەر بەهای خۆراكی بەرزی میوەكان، زۆربەی خەڵك بە وردی حیساب بۆ بڕی وزەی میوەكان ناكەن.