بۆچی خەو وەكو خۆراك گرنگە؟

بۆچی خەو وەكو خۆراك گرنگە؟
گرنگی خەو بۆ تەندروستی هیچی لە گرنگی خۆراك و مەشقی وەرزشی كەمتر نییە، بەبێ خەو توانا و فرمانەكانی ژیانی رۆژانەمان تێكدەچێت، لەوانەشە كە دوچاری نەخۆشی بین. كوالیتی و ماوەی خەو بە درێژایی ژیانمان گۆڕانكاری بەسەردادێت. ئایا دەزانی كە بە خەوی تەواو و دروست لەشمان دەحەسێتەوە و وزە دەپارێزێت، هەورەها پەستانی خوێن دادەبەزێت، لێدانەكانی دڵ كەم دەبنەوە، خێرایی هەناسەوەرگرتن و هەناسەدانەوە كەم دەبێتەوە، پلەی گەرمیی لەش دادەبەزێت، بەڵام مێشك هەر چالاك دەمێنێتەوە و یادەكان جێگیر دەكات و خۆی بۆ چالاكی رۆژێكی نوێ ئامادە دەكات. جگە لەمانە، خەو سوودی تریشی هەیە، بۆ نموونە بەهێزكردنی سستمی بەرگری لەش، هاریكاریكردنی زووتر چاكبوونەوەی شانەكان و گەشەی منداڵ لە رێگای تاودانی دەردانی هۆرمۆنی گەشە، پاراستنی دڵ و بۆڕییەكانی خوێن، هەروەها رێكخستنی ئارەزووی خواردن و جێگیركردنی ئاستی شەكری خوێن. لە لایەكی ترەوە، كەم خەوتن دەبێتە هۆی بۆرژان و خەوهاتن لە كاتی رۆژدا لەگەڵ هەستكردن بە ماندووبوون و لەش داهزران Lethargy، سەرئێشە لەكاتی بەیانیان، لەبیرچوونەوە، دڵتوندی و پەستی، هەروەها زیادبوونی ئەگەری روودانی كارەساتەكانی هاتوچۆ.
Top