بۆچی تەنیا بە مەشقی وەرزشی كێش دانابەزێت؟

بۆچی تەنیا بە مەشقی وەرزشی كێش دانابەزێت؟
بە پشت بەستن بە نوێترین لێكۆڵینەوە، ئەنجامدانی مەشقی وەرزشی بە تەنیا بەبێ ریجیمی خۆراكی بەس نییە بۆ دابەزاندنی كێشی لەش، یان هێشتنەوەی كێشی لەش لەژێر كۆنتڕۆڵدا. كە باس لە هۆكاری سەرەكی زیادبوونی كێش و قەڵەوی دەكرێت، ئەوا گرنگترین و كاریگەرترین خاڵ بریتییە لە جۆرەكانی خۆراك و بڕی خواردن، كەواتە ئەمە گومانی تێدا نییە كە بۆ دابەزاندنی كێش پێویستە دەستكاری بڕ و جۆری خۆراك بكرێت، ئەمەش بە ریجیمی خۆراكی Dieting ناسراوە. ئەمەش روونكراوتەوە كە مەشقی وەرزشی بە تەنیا جگە لەوەی كە نابێتە هۆی دابەزاندنی كێش، بەڵكو لەوانەیە كە هەندێك جار ببێتە ئەگەری زیادبوونی كێشی لەش. ئەگەرچی میكانیزمی راستەقینە لەپاڵ ئەم مەسەلەیە بە تەواوی نەزانراوە، بەڵام یەكێك لە هۆكارەكان بریتییە لەوەی كە مەشقی وەرزشی هۆكارە بۆ زیادبوونی ئارەزووی خواردن و زیاد خواردن. لەگەڵ ئەمەشدا، پێویستە كە ئەم بابەتە نەبێتە هۆی وازهێنان لە مەشقی وەرزشی ئەگەر نەبێتە هۆی دابەزاندنی كێشی لەش، چونكە هەموو جۆرێكی مەشقی وەرزشی سوودی تەندروستی تری هەیە وەكو خۆپاراستن لە تووشبوون بە نەخۆشی دڵ، نەخۆشی شەكرە، شێرپەنجە، لەگەڵ باشتربوونی مەزاج و تەندروستیی دەروونی.
Top