ئەم مەسەلەیە بەندە بە شوێنی جوگرافی و تەنیا بە شێوازی مامەڵەی دەزگا تەندروستییەكان لەگەڵ بەكتریای سالمۆنێللادا، بۆ نموونە لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا پێویست دەكات كە هێلكە لەناو سەلاجەدا هەڵبگیرێت، كەچی لە گەلێك وڵاتی ئەوروپی و چەند وڵاتێكی تردا هێلكە بۆ ماوەی چەند هەفتەیەك لە پلەی گەرمیی ژووردا هەڵدەگیرێت. بەهەرحاڵ، ئەگەر لەم مەسەلەیە لەبەر هەر هۆیەك نیگەران بوویت، ئەوا واباشترە كە هێلكە لەناو سەلاجەدا هەڵبگریت، چونكە سەلامەتترین شوێن بۆ هەڵگرتنی هێلكە و زۆربەی خۆراكەكانی تر سەلاجەیە. هەڵگرتنی هێلكە لەناو سەلاجەدا ماوەی مانەوەی بۆ دوو هێندە درێژدەكاتەوە، هەروەها هەڵگرتن لەناو سەلاجەدا باشترین رێگایە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی بەكتریا، هەروەها هێشتنەوە هێلكە بە تازەیی بۆ ماوەیەكی درێژتر. كەچی هێلكە كە لەپلەی گەرمیی ژووردا هەڵگبیرێت ئەوا پاش چەند رۆژێك بەرە بەرە كوالیتی دادەبەزێت و پێویستە كە لە ماوەی 1-3 هەفتەدا بخورێت، بەڵام لەناو سەلاجەدا دەتوانرێت كە بۆ ماوەی 2 هێندە هەڵبگیرێت. هێلكە لەناو سەلاجەدا لەوانەیە كە بۆن لە خۆراكی ترەوە هەڵمژێت بۆ نموونە پیاز، بۆ رێگرتن لەمە باشترە كە هێلكە لەناو كارتۆنی خۆی و بە نایلۆن بپچڕێت، هەروەها باشترە كە لەناو دەرگای سەلاجەدا هەڵنەگیرێت، چونكە كردنەوە و داخستنی دەرگای سەلاجە دەبێتە هۆی هەڵبەزین و دابەزینی پلەی گەرمی، ئەمەش هانی گەشەی بەكتریا دەدات و پەردی دەوری هێلكە لە ژێرەوەی قەپێلكدا Shell membrane تێكدەدات، بۆیە باشترە كە هێلكە لە بەشی پشتەوەی رەفی سەلاجەدا هەڵبگیرێت.