كاریگەرییە درێژخایەنەكانی تەكانی مێشك

كاریگەرییە درێژخایەنەكانی تەكانی مێشك
تەكانی یان هەژانی مێشك یەكێكە لە ئاكامە هەرە باوەكانی زەبر بۆ ناوچەی سەر Head injury بەتایبەتی لەو وەرزشانەی كە بەركەوتنی وەرزشوانانی تێدا بەدی دەكرێت. تەكانی مێشك Concussion بریتییە لە سووڕانی مێشك یان بەركەوتنی بە دیوی ناوەوەی كاسەی سەر لە ئەنجامی زەبری دەرەكیی بۆ ناوچەی سەر. نیشانەكانی تەكانی مێشك لە ئەنجامی گۆڕانێكی كاتی لە فرمانەكانی مێشكدا پەیدا دەبن كە بەگشتی سادەن و بۆ ماوەیەكی كورت بەردەوام دەبن، پاشان لەخۆیانەوە نامێنن. نیشانەكانی تەكانی مێشك راستەوخۆ یان ماوەیەكی كورت پاش زەبر بریتین لە: سەرئێشە، گرفت لە بیركردنەوە یان بیرهاتنەوەدا، گرفت لە راگرتنی تەواوی هاوسەنگییەكانی لەشدا. ئەوەی كە لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە جەخت دەكاتەوە كە تەكانی مێشك كاریگەریی درێژخایەنی لەسەر فرمانەكانی مێشكدا هەیە. ئەمەش روونكراوەتەوە كە تەكانی مێشك دەبێتە هۆی گۆڕان لە بەشە سپییەكەی مێشك White matter كە 60%ی قەبارەی مێشك پێكدەهێنێت و گرنگی زۆری هەیە بۆ فێربوون و فرمانەمانی تری مێشك، بۆ نموونە كەمبوونەوەی هەڵمژینی ئاو لەناو شانەكانی ماددەی سپیدا كە لە ماوەی 1-6 رۆژ پاش تەكانی مێشكدا روودەدات. نیشانە درێژخایەنەكانی تەكانی مێشك كە زیاتر تاییەتن بە تواناكانی بیركردنەوە و جوولە و هاوسەنگیی بەشە جیاجیاكانی لەش پاش 6 مانگ دەردەكەون، ئەمەش زیاتر لەو وەرزشوانانەدا بەدی دەكرێت كە زیاتر لە جارێك دوچاری تەكانی مێشك دەبنەوە و هاوكاتە لەگەڵ گۆڕانەكان لە ماددەی سپی مێشكدا لە ئەنجامی زەبری دەرەكی.
Top