ئەسپرین رێگا لە گردبوونەوە و بەیەكەوەنووسانی خەپڵەكانی خوێن دەگرێت، لەوكاتەی كە خەپڵەكانی خوێن گرنگترین فاكتەرن لە كرداری مەیینی خوێندا، بۆیە ئەسپرین بەكاردێت بۆ چارەسەركردنی سینگەدڕە Angina یان ئازاری دڵ، خۆپاراستن لە نۆرەی دڵ Heart attack، هەروەها لەكاتی نەشتەرگەریی دڵ بۆ رێگرتن لە مەیینی خوێن. ئەگەرچی دەتوانرێت كە گەلێك جۆری تری دەرمانی دژەمەیین Anti-clotting بۆ ئەم مەبەستە بەكاربهێنرێن، بەڵام ئەمە سەلمێنراوە كە بەكارهێنانی ئەسپرین بە تەنیا ئەگەری مردن بە هۆی نۆرەی دڵ یان جەڵتە تا رێژەی 25-50% كەم دەكاتەوە، هەروەها ئەگەری نۆرەی دڵ تا 34% كەم دەكاتەوە. ژەمی بچووكی ئەسپرین یان تەنیا 81 ملگم یەكەم هەڵبژاردەیە بۆ خۆپاراستن لە نۆرەی دڵ لە كەسانی تووشبوو بە سینگەدڕە. بەكارهێنانی ئەسپرین لەم حاڵەتانەی خوارەوەدا پێویستە كە تەنیا بە چاودێریی دكتۆر بەكاربهێنرێت: هەستەوەری بەرانبەر بە ئەسپرین، نەخۆشیی گورچیلە، نەخۆشیی جگەر، هەوكردنی گەدە، كولبوونی گەدە یان دوازدەگرێ، هەروەها گرفت لە مەیینی دروستی خوێن.