خەمۆكی پاش لەبارچوون Abortion depression ئەگەرچی حاڵەتێكی باو نییە، بەڵام هێشتا گەلێك ئافرەت دووچاری دەبن. پاش لەبارچوون هەر ئافرەتێك بە شێوەیەكی جیاواز دوچاری كاردانەوەی دەروونی دەبێت، سووك یان توند، كاتی یان درێژخایەن. بەگشتی بە هۆی هەستی نێگەتیڤ پاش لەبارچوون یان لەدەستدانی كۆرپە، زۆربەی ئافرەتان دوچاری دڵتوندی و غەم دەبنەوە، بەڵام لە هەندێك ئافرەتدا كاردانەوەی توند لەوانەیە كە ببێتە ئەگەری خەمۆكی. لەبارچوون لە هەموو حاڵەتەكاندا مایەی سترێسە و هۆكارە بۆ: هەستكردن بە تاوان Guilt، هەستكردن بە پەشیمانی، كەمبوونەوەی باوەڕبەخۆبوون. زۆربەی ئەم هەست و كاردانەوانە بۆ ماوەیەكی كورت بەردەوام دەبن، پاشان لەخۆیانەوە نامێنن. گەلێك هۆكار ئەگەری تووشبوون بە خەمۆكیی پاش لەبارچوون زیاد دەكەن وەكو: بچووكی تەمەن، دوودڵی و نیگەرانی سەبارەت بە ئەگەری دووبارەبوونەوەی لەبارچوون لە دووگیانییەكانی داهاتوودا، ناكۆكی هاوسەرێتی، نەبوونی سەپۆرت و كەسانی یارمەتیدەر لەكاتی پێویستدا. نیشانەكانی خەمۆكیی پاش لەبارچوون تا رادەیەكی زۆر وەكو خەمۆكی گشتین، بۆ نموونە هەستكردن بە دڵتوندی و بێزاری، گرفتەكانی خەو، هەستكردن بە ماندووبوون و بێهێزی گشتی جەستەیی، هەڵبەزین و دابەزینی مەزاج و ئارەزووی خواردن، كەمبوونەوەی چێژوەرگرتن لە زۆربەی شتەكان، هەستكردن بە نائۆمێدی. بەگشتی خەمۆكیی پاش لەبارچوون ئاكامی مەترسیداری نابێت و بە باشی چارەسەردەكرێت.