یاریی تۆپی پێ سوودی تەندروستی زۆری هەیە بۆ ئافرەتان بۆ نموونە كەمكردنەوەی رێژەی چەوری لەش، بەهێزكردن و پاراستنی چڕی ئێسكەكان، دابەزاندنی پەستانی خوێن، هەروەها باشتركردنی لیاقەی فیزیكی لەش Physical fitness. پسپۆران لەسەر ئەمە كۆكن كە ئەنجامدانی مەشقی تۆپی پێ بۆ ماوەی تەنیا یەك كاتژمێر هەفتانە 2-3 جار ئەم ئامانجانە دەپێكێت. سەرچاوەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە یاری تۆپی پێ بە هەمان ئەندازەی بەكارهێنانی حەبی دابەزاندنی پەستانی خوێن كاریگەری هەیە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی پەستانی خوێن. یاریی تۆپی پێ رۆڵی بەرچاوی هەیە بۆ خۆپاراستن و كۆنتڕۆڵكردنی نەخۆشی شەكرە و نەخۆشییەكانی كۆئەندامی دڵ و سووڕان بەتایبەتی كۆنتڕۆڵكردنی ئاستی شەكری خوێن و باشتركردنی پرۆفایلی چەورییەكانی خوێن، لەگەڵ كەمتر بەكارهێنانی دەرمانەكانی كۆنتڕۆڵكردنی شەكرە نەخۆشییەكانی كۆئەندامی دڵ و سووڕان. یاری تۆپی پێ وەكو مەشقێكی وەرزشی مامناوەندی سوودی هەیە بۆ سووتاندنی بڕێكی زۆری وزە و كۆنتڕۆڵكردنی كێشی لەش یان خۆپاراستن لە زیادبوونی كێش و قەڵەوی، هەروەها هاندانی بیركردنەوەی پۆزەتیڤ و گەشبینانە، ئەمە جگە لە سووككردنی سترێس و كەمكردنەوەی پەستی و باشتركردنی كوالیتی خەو.