هەر لە ساڵی 1997 كە بۆ یەكەم جار حەبی ڤیاگرا Viagra كەوتە بازاڕەوە، زیاتر لە 130 بەكارهێنەر لە سەرتاسەری جیهاندا ژیانیان لەدەستدا. ڤیاگرا هەرگیز بەدەر نییە لە زیانی لابەلا، بۆیە پێویستە كە بە هیچ شێوەیەك بە بێ رێنمایی دكتۆر بەكارنەهێنرێت. زیانە لابەلایە باوەكان كە لە نزیكەی هەموو بەكارهێنەرانی ڤیاگرادا بەدی دەكرێن بریتین لە: هەستكردن بە گەرمی، سووربوونەوەی دەموچاو، سەرئێشە، سەرسووڕان، گۆڕان لە بینینی رەنگەكاندا، ناڕوونی بینین، گیرانی لووت، ئازاری ماسوولكە، پشت ئێشە، ناڕحەتی گەدە. ئەمەش روونكراوەتەوە كە خواردنەوەی ئەلكهول لەگەڵ حەبی ڤیاگرا ئەگەری زیانە لابەلایەكان زیاتر دەكات.پێویستە كە بەكارهێنانی ڤیاگرا رابگیرێت و یەكسەر سەردانی دكتۆر بكرێت لەكاتی دەركەوتنی هەر یەكێك لەم نیشانانەی خوارەوە: نیشانەكانی نۆرەی دڵ وەكو سینگ ئێشە هاوكات لەگەڵ ئارەقەكردن یان هێڵنج و ئازار لە شان و شەویلاكدا، نیشانەكانی روودانی هەستەوەری بەرانبەر بە ڤیاگرا وەكو خورشت یان ئاوسانی دەم و لێو و دەموچاو، پەیدابوونی ویزە لە گوێیەكاندا یان نەمانی كتوپڕی هەستی بیستن، ناڕێكی لێدانەكانی دڵ، ئاوسانی دەستەكان یان گۆزرینگ یان پێیەكان، هەناسەتەنگی، نۆرەی پەركەم، هەستكردن بە سووكبوونی سەر یان هەستكردن بە لەهۆشچوون.