هۆكارەكانی قژ سپیبوون
• هۆكاری زگماكی (بۆماوە) كە بەڕێگای جینەكان یان كڕۆمۆسۆمەكان لە دایك و باوكەوە بۆ منداڵەكان دەگوازرێتەوە.
• شڵەژان و شێوانی فرمانی هۆڕمۆن و كوێرە ڕژێنەكان (گلاندە كوێرەكان) بەتایبەتی جووتە گلاندی ئەدرینال Adrenals كە هەر یەكێك بەقەد دەنكە نۆكێكە و دەكەوێتە سەرەوەی گورچیلە و هۆڕمۆنی ئەدرینالین Adrenaline ڕاستەوخۆ دەردەدەنە ناو خوێن، ئەم هۆرمۆنە دەبێتە هۆی گرژبوونەوەی بۆڕییەكانی خوێن بەتایبەتی خوێنبەرە وردەكان. هەروەها ئەم گلاندە جگە لە هۆرمۆنی ئەدرینالین، چەند ماددەیەكی تر لەگەڵ چەند هۆڕمۆنێكی تر دەردەدات كە كار دەكەنە سەر رەنگی قژ و پێست و رەنگی چاو. ئەم گلاندە بەدەوری خۆی لەژێر كۆنتڕۆڵی گلاندی پتیۆتەریدایە كە دەكەوێتە ژێرەوەی مێشك.
• تێكچوونی باری دەروونی وەكو ترس و تۆقین كە گلاندی ئەدرینال چاڵاك دەكەنەوە و زیاتر هۆڕمۆن دەردەدات، دەرەنجام قژ بە خێرایی سپی هەڵدەگەڕێت. ئەمە ئەوەمان دێنێتەوە یاد كە ماری ئەنتوانێتی شاژنی فەرەنسا كە لە ساڵی 1793 بە تۆمەتی خیانەتی گەورە فرمانی لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو، بەیانییەكی زوو پێش جێبەجێكردنی فرمانەكە قژی بە تەواوی سپی هەڵگەڕابوو لەبەر گرژیە دەروونییەی سەخت و كتوپڕەی كە دوچاری ببۆوە.