هەندێك جار لەوانەیە كە نەتوانی كارێك یان پڕۆژەیەك كە وردبوونەوە (تەركیز) و ئاگابوونی تەواوی پێویستە بە دروستی ئەنجام بدەیت، ئایا دەزانی كە گەلێك هۆكار تەركیزكردنت كەم دەكەنەوە؟ سەرقاڵبوون بە ئیش و كاری زۆر Multitasking دەبێتە ئەگەری ئەوەی كە كاتی نێوان وازهێنان لە كارێك بۆ كارێكی تر بەفیڕۆ بچێت، هەروەها كە كارێكی ئاڵۆز یان نامۆ ئەنجام دەدرێت، ئەوا پازدان لە كارێك بۆ كارێكی تر زیاتر كات بەفیڕۆ دەدات. ئەو كەسانەی كە خۆیان بە كاری زۆر و جۆراوجۆر سەرقاڵ دەكەن، پێیان وایە كە شتی زۆریان ئەنجام داوە، بەڵام ئەوە گومانی تێدانییە كە كاتی زیاتریان لێدەبات لەوەی كە لە یەك كاتدا تەركیزی تەواو بكەنە سەر تەنیا یەك كار. بێزاری لە ئەنجامدانی كاری دووبارە و نەخوازراو Boredom هۆكارێكی ترە بۆ كەمبوونەوەی توانای تەركیز و فۆكەسكردن. سەرقاڵبوونی ئەلیكترۆنی بۆ نموونە سەرقاڵبوون بە ئی میل، نامەی تێكست و نامەی دەنگی Voice mail، فەیسبووك، تویتەر، واتس ئەپ، تانگۆ، ئیمۆ، چات، مۆبایل..تاد هۆكارن بۆ كەمكردنەوەی تەركیز. كەم نووستن كاریگەری نێگەتیڤ دەكاتە سەر توانای تەركیز و بیرهاتنەوە و تواناكانی تری مێشك. هۆكارێكی تری كەمبوونەوەی تەركیز بریتییە لە زیانی لابەلای هەندێك دەرمان بۆ نموونە دەرمانی دژەخەمۆكی و دژەهەستەوەری و ئارامبەخشەكان.ئەو حاڵەت و نەخۆشییەكانەی تەركیز كەم دەكەنەوە بریتین لە:خەوزڕان، زیادبوونی كێش، خەمۆكی، كەمخوێنی، نەخۆشیی گلاندی دەرەقی.