گرنگی ڤیتامین C بۆ تەندروستیی چاو

گرنگی ڤیتامین C بۆ تەندروستیی چاو
ڤیتامین C گرنگە بۆ دروستبوون و پاراستنی كۆلاجین لە چینی كۆرنیای چاودا، هەروەها رۆڵی هەیە بۆ پاراستنی موولوولەكانی خوێن لە تۆڕەی چاودا. لێكۆڵینەوەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە ڤیتامین C لەوانەیە ئەگەری روودانی ئاوی سپی Cataract لە هاوێنەی چاودا كەم بكاتەوە، هەروەها ئەگەری گۆڕانی سەنتەری تۆڕەی چاوMacular degeneration كە پەیوەستە بە تەمەن و هۆكارە بۆ لەدەستدانی بینین كەم بكاتەوە. بە پێچەوانەی زۆربەی گیانەوەركان، لەشی مرۆڤ توانای دروستكردنی ڤیتامین C نییە، بۆیە پێویستە كە رۆژانە بە بڕێكی دیاریكراو لە خۆراكەوە وەربگیرێت. كەمی ڤیتامین C دەبێتە هۆی تووشبوون بە ئەسقەربووت Scurvy كە نیشانەكانی بریتین لە: بێهیزی ماسوولكەكان، ئاوسانی پووك، خوێنبەربوون لە پووكدا، لەدەستدانی ددانەكان، پنتی خوێنبەربوون لەژێر پێستدا، هەستكردن بە سووتانەوە و سخبوونی جومگەكان، كەمخوێنی، هەروەها هەستكردن بە ماندووبوون و هیلاكیی جەستەیی. لەبەرئەوەی كە ڤیتامین C لە ئاودا دەتوێتەوە، بۆیە بڕی زیاتر لە پێویستی رۆژانە لە رێگای میزەوە فڕێ دەدرێت. بیبەری شیرینی سوور، بیبەری شیرینی سەوز، فەراولە، برۆكۆلی، میوە مزرەكانی وەكو لیمۆ وپرتەقال و كیوی،پەتاتە، تەماتە، سەوزە گەڵا تاریكەكان باشترین سەرچاوەن بۆ ڤیتامین C. پێویستی رۆژانە لە ڤیتامین C بۆ پیاو بریتییە لە 90 ملگم و بۆ ئافرەت 75 ملگم، بۆ ئافرەتی دووگیان یان شیردەر 120 ملگم، هەروەها كەسانی جگەرەكێش پێویستییان بە بڕی زیاتر هەیە.
Top