بیركردنەوەی نێگەتیڤ زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت

بیركردنەوەی نێگەتیڤ زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت
بەگشتی رەشبینی و بیركردنەوەی نێگەتیڤ Negative Thoughts زیانی تەندروستی جەستەیی و دەروونی پەیدا دەكات. بیركردنەوە و هەست و پێشبینییە نێگەتیڤەكان تەنیا لە مێشكدا نامێننەوە، بەڵكو كاریگەری دەكەنە سەر مەزاج بە مەبەستی كار و كاردانەوە. كە مێشك و لەش دەگەنە ئەڵارمی سوور، ئەوسا میكانیزمەكانی خۆچاككردنەوە و سستمی بەرگری لەش دەشێوێن، ئەمەش ئامادەباشی بۆ نەخۆشی زیاد دەكات. بیركردنەوەی پۆزەتیڤ هاندەرە بۆ دەردانی هۆرمۆنەكانی هەستكردن بە باشی وەكو دۆپامین Dopamine و سیرۆتۆنین Serotonine، كەچی بیركردنەوەی نێگەیتڤ هاندەرە بۆ زیاد دەردانی هۆرمۆنەكانی كۆرتیزۆل Cortisol و ئێپینیفرین Epinephrine، ئەمەش روونە كە مانەوەی ئەم هۆرمۆنانە بە ئاستێكی بەرز بە شێوەیەكی درێژخایەن دەبێتە ئەگەری خەمۆكی، نەخۆشی دڵ، نۆرەی دڵ، نەخۆشی شەكرەی جۆری دووەم، هەروەها هەوكردنە میكرۆبییەكان. بیركردنەوەی نێگتیڤەكان كاریگەری راستەوخۆ دەكەنە سەر میتابۆلیزم، هاوسەنگیی هۆرمۆنەكان، سستمی بەرگریی لەش، هەروەها ناڕاستەوخۆ هاندەرن بۆ نەرێتی ناتەندروستییانەی وەكو: جگەرەكێشان، خواردنەوەی ئەلكهول، ئەنجام نەدانی مەشقی وەرزشی..تاد. بەگشتی رەشبینی و بیركردنەوەی نێگەتیڤ چەند ساڵێك لە تەمەن دەبات.
Top