زیاد خواردنی زەیتی زەیتوون كێشت زیاد دەكات

زیاد خواردنی زەیتی زەیتوون كێشت زیاد دەكات
ئەمە راستییەكی پزیشكییە كە زیاد خواردنی خۆراكی باش هەرگیز شتێكی باش نییە بۆ تەندروستی. ئەگەرچی زەیتی زەیتوونOlive Oil بە زەیتی پلە یەك یان باشترینی زەیتەكان هەژمار دەكرێت لەبەرئەوەی كە سوودی تەندروستی زۆری هەیە، خۆڕاگرە بەرانبەر بە پلەی گەرمی بەرز و دووبارە گەرمكردنەوە، هەروەها چەورییە تاكە ناتێرەكان Monounsaturated و ڤیتامین E و گەلێك مادەی دژەئۆكسانی تێدایە كە زۆر سوودبەخشن، لەبەر ئەمەشە كە زەیتی زەیتوون سوودی هەیە بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشی دڵ، رەقبوونی خوێنبەرەكان، نەخۆشی شەكرە، شێرپەنجەی قۆڵۆن، هەوكردنی جومگەكان، بەڵام زیاد خواردنی زەیتی زەیتوون هۆكارە بۆ زیادبوونی كێش و قەڵەوی. لەجیاتی كەرە و چەورییەكانی تر، بڕێك زەیتی زەیتوون بخەرە سەر خۆراكە جۆراوجۆرەكانەوە لەپاش لێنان و ئامادەكردنیان، بەڵام ئەمەش هەرگیز لە بیر نەكەیت كە زیاد بەكارهێنانی چەوری و زەیتەكان و زەیتی زەیتووتیش شتێكی باش نییە، چونكە یەك گرام زەیتی زەیتوون وەكو هەموو چەورییەكانی تر 9 كالۆری وزە بە لەش دەداتن واتە سەرچاوەیكی دەوڵەمەندە بۆ وزە كە ئەگەری بە جوولە و مەشقی وەرزشی سەرفی نەكەیت ئەوا كێشی لەشت زیاد دەبێت. بەكارهێنانی بڕێكی كەمی زەیتی زەیتوون رۆژانە، ئاستی كۆلیستیرۆلی خراپ LDL كەم دەكاتەوە، بە كرداری ئۆكسان ئەم جۆرەی كۆلیستیرۆل بەرپرسە لە نیشتنی یان جێگیربوونی چەوری لەسەر ناوپۆشی خوێنبەرەكاندا. وا رێنمایی دەكرێت كە رۆژانە لە 2 كەوچكی گەورە زیاتر زەیتی زەیتوون نەخورێت، ئەمەش بە مەرجێك كە چەورییەكانی تر بەگشتی لە خۆراكی رۆژانەدا كەم بكرێنەوە.
Top