جیابوونەوەی كۆمەڵایەتی Social isolation بریتییە لە نەمانی پێوەندی كەسێك بە كۆمەڵگەكەی، ئەمەش جیاوازە لەگەڵ تەنیایی Loneliness كە بریتییە لە نەمانی پێوەندی بە كەسانی تر بەڵام بە شێوەیەكی كاتی. ئەمە روونە كە لە سەردەمی ئێستاماندا توانای پێوەندیكردن بە هەر كەسێك، لە هەر شوێنێك و لە هەر كاتێكدا ئاسانە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا هێشتا ژمارەی ئەو كەسانەی كە هەست بەوە دەكەن لە كۆمەڵ جیابووتەوە لە زیادبووندایە. هەندێك سەرچاوە ئاماژە بەوە دەكەن كە مەترسی جیابوونەوەی كۆمەڵایەتی لەسەر تەندروستیدا وەكو زیانەكانی قەڵەوی یان جگەرەكێشان یان نەخۆشی شەكرە وایە.كاریگەرییە تەندروستییەكانی جیابوونەوەی كۆمەڵایەتی لە هەموو تەمەنێكدا بەدی دەكرێن و درێژخایەنن ئەگەرچی نیشانەكان بە گوێرەی تەمەن جیاوازیان هەیە، هەروەها ئەگەری مردن لە 7 ساڵی پاش تووشبوون بە جیابوونەوەی كۆمەڵایەتی بە رێژەی 30% بەرزدەبێتەوە. لێكۆڵینەوەكان جەختیان لەمە كردۆتەوە كە ئەم حاڵەتە بە چەندین رێگا كاریگەری نێگەتیڤ دەكاتە سەر تەندروستی بە شێوەی: خراپبوونی كوالیتی نووستن، زیادبوونی ئاستی هەوكردن لە لەشدا، كزبوونی سستمی بەرگریی لەش، بەرزبوونەوەی ئاستی هۆرمۆنی سترێس، هەروەها زیادبوونی ئەگەری نەخۆشی دڵ و جەلتەی مێشك.