زیاد خواردنی شەكرە زیادەكان Added sugars بە چەندین رێگا ئەگەری نەخۆشییەكانی كۆئەندامی دڵ و سووڕان زیاد دەكات، بۆ نموونە دابەزینی ئاستی كۆلیستیرۆلی باش HDL، بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیستیرۆلی خراپ LDL، هەروەها بەرزبوونەوەی ئاستی چەوری گلیسریدە سیانییەكان Triglycerides. ئاستی گلیسیریدە سیانییەكان پاش خواردن بەرزدەبێتەوە، لە نێوان ژەمەكانی خواردندا كە لەش پێوستی بە وزە دەبێت ئەوا گلیسریدە سیانییەكان لە چەورییەخانەكانەوە دێنە ناو خوێن و لەش سەرفی دەكات. ئاستی گلیسریدە سیانییەكان بەرزدەبێتەوە ئەگەر وزە لە خۆراكەوە زیاتر لەو هێندەی كە سەرفی دەكەیت وەربگریت یان بڕی زیاد لە شەكر یان چەوری بخۆیت. كۆلیستیرۆل و گلیسریدە سیانییەكان لە خوێندا ناتوێنەوە، بەردەوام لەناو بۆڕییەكانی خوێندا دەسووڕێنەوە كە لەوانەیە لەژێر چەند دۆخێكی تایبەتدا ببنە هۆی تێكدانی ناوپۆشی یان دیواری خوێنبەر واتە رەقبوونی خوێنبەر Atherosclerosis یان هەتا گیرانی خوێنبەر كە هۆكاری بەهێزن لەپاڵ نۆرەی دڵ یان جەلتەی مێشك یان نەخۆشی تر لە كۆئەندامی دڵ وسووڕاندا. لە لایەكی ترەوە، زیاد خواردنی شەكر وزەیەكی زیاد بە لەش دەدات كە ئەگەر بە جوولە و مەشقی وەرزشی سەرف نەكرێت ئەوا دەبێتە هۆی زیادبوونی كێشی لەش یان قەڵەوی كە ئەمانە بە دەوری خۆیان هۆكاری ترن بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیسیترۆلی خراپ و چەوری گلیسریدە سیانییەكان لە خوێندا هاوكات لەگەڵ دابەزینی ئاستی كۆلیستیرۆلی باش.