ئامارە تەندروستییەكان ئاماژەیان بەمە كردووە كە نزیكەی 74%ی كەسانی پێگەیشتوو دوچاری كەمی یۆد یان ئایۆدین Iodine بوونەتەوە كە ئاكامەكە سەرەكییەكەی بریتییە لە زیادبوونی كێشی لەش. لەش یۆد خەزن ناكات، بۆیە پێویستە كە رۆژانە بە بڕی پێویست لە خۆراكەوە وەربگیرێت. كەمی یۆد هۆكارە بۆ سستبوونی گلاندی دەرەقی، گلاندی دەرەقی Thyroid ئاستی میتابۆلیزمی لەش بە دروستی دەهێڵێتەوە، سستبوونی ئەم گلاندە واتە سستبوونی كرداری میتابۆلیزم، بەمەشەوە توانای لەش بۆ سووتاندنی چەوری سست دەبێت و دەبێتە هۆی زیادبوونی كێشی لەش یان گرفت لە دابەزاندنی كێشی زیادی لەش. كەمی یۆد لەوانەیە كە تا رادەیەكی كەمتر ببێتە ئەگەری گرفتی تەندروستی تری وەكو: ئاوسانی گلاندی دەرەقی Goiter، كەمی وزەی گشتیی لەش، خەمۆكی، ئازاری ماسوڵكە، نەخۆشی كۆئەندامی دڵ و سووڕان، كزبوونی تواناكانی مێشك، شێرپەنجە. كەمی ئایۆدین لەم 40 ساڵەی دواییدا لە زیادبووندایە، ئەگەرچی هەر لەپاش ساڵی 1920 تا ئێستاش بە مەبەستی خۆپاراستن یۆد دەخرێتە خوێی چێشتەوە، بەڵام ئەم بڕە هەرگیز پێویستی رۆژانە بە تەواوی دابین ناكات بەتایبەتی كە پسپۆران بەردەوام رێنمایی كەمكردنەوەی خواردنی خوێ دەكەن بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشی دڵ و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، بۆیە پێویستە كە ئایۆدین لە سەرچاوەی تریشەوە وەربگیرێت. ئۆقیانووسەكان زۆربەی یۆدی هەسارەی زەوی لەخۆدەگرن، گیای سەوز و سوور و قاوەیی دەریایی دەوڵەمەندترین سەرچاوەن بۆ ئایۆدین، بۆ نموونە خواردنی تەنیا 1 گرام گیای قاوەیی دەریا 5-50 جار بەقەد پێویستی رۆژانەی ئایۆدین بۆ كەسێكی پێگەیشتوو دابین دەكات