وەرزشی راكردنی لەسەرخۆ Jogging سوودی تەندروستی زۆری هەیە كە گرنگنترینیان بریتییە لە دابەزاندنی كێشی زیادی لەش و بەهێزكردنی تۆنی ماسوڵكە، هەروەها پتەوكردنی ئێسكەكان و رێگرتن لە پووكانەوەی پێسك. وەرزشی راكردن یەكجار گرنگە بۆ كۆئەندامی دڵ و سووڕان بە پاراستنی توانای دڵ بۆ پاڵنانی خوێن و باشتركردنی هاتووچۆی خوێن لە هەموو بەشەكانی لەشدا. لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە كە چۆن بە رێگایەكی سەلامەت و تەندروستییانە دەست بەم مەشقە وەرزشییە دەكەیت، بۆ ئەم مەبەستە پەیڕەوی چەند خاڵێك بكە، بۆ نموونە: سەردانی دكتۆر بكە بۆ پشكنین و دڵنیابوون لەوەی كە لەشت توانای ئەم مەشقە وەرزشییەی هەیە، سەرەتا بە رۆیشتنێكی ئاسایی و پاشان رۆیشتنێكی خێراتر تا راكردنێكی لەسەرخۆ و پاشان خێراتر، جووتێك كالەی تایبەت بە وەرزشی راكردن بۆ ئەم مەبەستە تەرخان بكە كە قەبارە و شێوەكەی لەگەڵ شێوە و قەبارەی پێیەكانتدا بگونجێت بۆ رێگرتن لە هەر ئازار و ناڕحەتییەك لەكاتی راكردندا، شوێنی سەلامەت و تەخت بۆ راكردن هەڵبژێرە، جلی سووك بپۆشە.