جەڵتە Stroke بریتییە لە زیانگەیشتن بە شانەكانی مێشك لە ئەنجامی خوێنبەربوون، یان گیرانی خوێنبەرێك یان زیاتر. كاریگەرییەكان لەوانەیە كتوپڕ بن، یان بەرە بەرە سەرهەڵبدەن، ئەمەش گەلێك نیشانەی جەستەیی و دەروونی لێدەكەوێتەوە كە پەیوەستن بە جوولەی ماسوولكەكان، هەستەكان، قسەكردن، بیركردنەوە و بیرهاتنەوە، مەزاج ..تاد. هەرگیز مەرج نییە كە هەموو جەڵتەیەكی مێشك كوشندە بێت، بەڵام لەوانەیە كە ببێتە هۆی ئیفلیجبوون یان لاوازبوونی لایەكی لەش، هاوكات لەگەڵ لاوازبوونی ماسوولكەكانی دەموچاو و زمان، لەگەڵ لاوازبوونی ماسوولكەكانی قوڕگ، بەمەشەوە تۆنی دەنگ و توانای قسەكردن و دەربڕینی پیتەكان قورس دەبێت. زۆربەی تووشبووان بە جەڵتە دووچاری ترس و دڵەڕاوكێ و شكستی یان داڕمانی دەروونی دەبنەوە هاوكات لەگەڵ ئەندامانی خێزان و هاوڕێ و كەسانی دەوروبەریاندا كە لەوانەیە وابیركەنەوە كە تووشبوو بووبێتە كەسێكی تری جیاواز لە كەسی پێش تووشبوون بە جەڵتە. كەسێك كە دووچاری جەڵتە بووبێت، توانای بیركردنەوە و توانای پەیوەندیكردنی لەگەڵ كەسانی تردا پەیوەستە بەو شوێنەی یان ئەو شوێنانەی مێشك كە لە ئەنجامی جەڵتەدا چەند زیانیان پێگەیشتووە. بەگشتی ئەو حاڵەت و گرفتانەی كە لەوانەیە پاش جەڵتە بمێننەوە بریتین لە: گرفت لە دەربڕینەكانی دەموچاو Facial expression، گرفت لە نووسین، هەستكردن بە ماندووبوون یان زووماندووبوون، سترێس و گۆڕان لە كەسێتیدا، گۆڕانی مەزاج بەتایبەتی دڵتەنگی. هەندێك تووشبوو بە تەواوی درك بەم گۆڕانانە دەكەن، لێرەدا داواكردنی یارمەتی و كۆمەكی دەروونی لە كەسانی نزیك ئەنجامی باشی دەبێت، هەروەهاراهێنانەوەی Rehabilitation پاش جەڵتە یارمەتیدەرە بۆ گەڕاندنەوەی هەندێك یان هەموو تواناكان، بۆنموونە توانای قسەكردن و بیركردنەوە و بیرهاتنەوە.