گۆڕانی كەش و هەوا Climate كاریگەری دەكاتە سەر تەندروستیی چاو و بینین، چونكە بەشەكانی چاو وەكو چینی كۆرنیا، پێڵووەكان، سپێنەی چاو Sclera لەگەڵ هاوێنەی چاو دەكەونە ژێر كاریگەری بزوێنەرە دەرەكییەكان لە گەرمی، ساردی، شێداری، با، تەم و مژ، هەروەها دوكەڵ، تۆزوخۆڵ، تیشك، پیسكارەكانی هەوا، هەڵم و ماددەی كیمیایی جۆراوجۆر.كەش و هەوای گەرم و وشك هاندەرە بۆ وشكبوونی چاوەكان بەتایبەتی لەو كەسانەدا كە ئامادەباشی ئەم گرفتەی چاویان هەیە. ئەمەش سەلمێنراوە كە بوونی تەنۆلكەی ورد لە ئەنجامی پیسبوونی هەوا دەبێتە هۆی سووتانەوەی چاو و هەوكردنی درێژخایەتی پێڵووەكان Blepharitis. زیاد گەیشتنی تیشكی سەرووی وەنەوشەیی لە ئەنجامی كەمبوونەوەی یان تەنكبوونی چینی ئۆزۆن هۆكارە بۆ تووشبوون بە ئاوی سپی، هەروەها زیاد بەركەوتنی چاوەكان بە تیشكی سەرووی وەنەوشەیی ئەگەری گرفت لە سەنتەری تۆڕەی چاودا زیاد دەكات كە زیاتر هاوكاتە لەگەڵ تەمەن و دەبێتە هۆی كزبوونی بینین. بەكارهێنانی چاویلكەی هەتاوی و كاسكێتی تایبەت ئەگەری بەركەوتنی چاوەكان بە تیشكی سەرووی وەنەوشەیی تا رادەیەكی باش كەم دەكەنەوە.