فڕێدانی خاشاكی پلاستیكی بۆ ناو دەریا و ئۆقیانووسەكان لە لایەن بوونەوەرەكانی دەریا و ئۆقیانووسەكانەوە قووت دەدرێن پاش ماوەیەك لە تێكشكانیان، ئێمەش كە خۆراكی دەریایی دەخۆین ئەوا رێژەیەكی زۆر لە تەنۆلكەی پلاستیكی زۆر ورد دەگاتە لەشمان كە ساڵانە زیاترە لە نزیكەی 11000 دانە لەگەڵ تەنۆلكەی تردا كە لەناو شانەكانی ئەم بوونەوەرانەدا چەقیون. سەبارەت بەمە، زانایان هوشدارییان داوە. تەنۆلكەی پلاستیكی زۆر بچووك Microplastics لە لەشدا كۆدەبنەوە و بە تێپەڕبوونی كات گرفتی تەندروستیی گەورە پەیدا دەكەن. ئەم ماددانە چییان بەسەر دێت؟ ئایا ئەم تەنۆلكە پلاستیكییە وردانە دەچنە كوێی لەش؟ ئایا بە شانەی ریشاڵی دەوردەدرێن و لە لەشدا دەمێننەوە یان دەبنە هۆی پەیداكردنی هەوكردن و زیانی تر؟ یان ئایا ماددەی كیمیایی لەم تەنۆلكە پلاستیكییانەوە جیادەبنەوە و زیان بە تەندروستی دەگەیەنن؟زانایان ئەمەیان هەژمار كردووە كە زیاتر لە 99%ی ئەم تەنۆلكە پلاستیكییانە هەڵنامژرێن، تەنیا 1%ی كە هەڵدەمژرێن لە شانەكانی لەشدا جێگیر دەبن. فڕێدانی خاشاكی پلاستیكی بۆ ناو ئاوی دەریا و ئۆقیانووسەكان بە پیسبوونی پلاستیكی Plastic pollution ناوزەد دەكرێت، ئەمەش روونكراوەتەوە كە زیاتر لە 5 تریلیۆن تەنۆلكەی پلاستیكیی ورد لە هەموو ئۆقیانووسەكانی جیهاندا هەیە كە یەكسانە بە رژاندنی ترێیلەرێكی پڕ لە خاشاكی پلاستیكی بۆ ناو دەریا لە هەر خولەكێدا، تا ساڵی 2050 ئەم بڕە دەگاتە 4 ترێلەر خاشاكی پلاستیكی لە هەر خولەكێدا. پلاستیك لەناو ئۆقیانووسدا دەیان ساڵ یان دەیان سەدەی پێویستە تاكو بۆ پارچەی ورد تێكبشكێت، هەندێك زاناش جەخت لەوە دەكەنەوە كە پاكبوونەوەی ئۆقیانووسەكان لە پلاستیك مەحاڵە.