بەپێی لێكۆڵینەوەكان سەلمێنراوە كە جگە لە خۆراكی هاوسەنگ و پاراستنی پێست لە تیشكی خۆر و ئاوێتەكانی جوانكاری و ماددە كیمیاییەكانی تر، مەساجكردنی پێست هەنگاوێكی تەواوكەر و ئاسانە كە سوودی زۆری بۆ پێست هەیە. مەساجی دەموچاو Facial massage كلیلی بایەخدانە بە پێستی دەموچاو، چونكە تەكنیكێكی سادە و كاریگەرە بۆ هێشتنەوەی جوانی و پێست. مەساجی پێستی دەموچاو هەموو بەیانییەك تەنیا بۆ ماوەی چەند خولەكێك گرنگی هەیە بۆ كەمكردنەوەی ئاوسانی پێست پاش نووستن، هەروەها ونكردنی لۆچییەكان و پاراستنی رەونەق و گەنجێتی پێست.پسپۆران لەگەڵ ئەوەدان كە هەموو بەیانییەك تەنیا 3 خولەك مەساجكردنی پێست بەسە و ئامانج دەپێكێت. جوولەی خێرا و خاوكردنەوەی ماسوولكەكانی دەموچاو و هاندانی جوولەی شلەی لیمف، ئەمانە بە یەكەوە تۆنی پێست لە هەموو ئاستەكاندا باشتر و توندتر دەكەن لەگەڵ هاندانی نوێبوونەوەی خانەكانی پێست، هەروەها كەمكردنەوەی ئاوسان و رێگرتن لە شل و شۆڕبوونی پێست، هاندانی سووڕی خوێن و پەمەبوونی پێست لەگەڵ، لێرەدا خانەكانی پێست تێر ئۆكسجین دەبن و بە ئاسانی لە پاشەڕۆكان رزگاریان دەبێت، دەرەنجام پێست جوانتر و نەرمتر و گەنجتر دەبێتەوە.واباشە كە مەساجی دەموچاو بكەیتە بەشێك لە گرنگیدان و ئارایشتی رۆتینی رۆژانەی دەموچاو، لەگەڵ بەكارهێنانی شێداركەرەوەیەكی پێست پێش مەساجكردن یان هەر زەیتێكی خۆراكی كە لەبەر دەستدا بێت لەگەڵ چەند دڵۆپێك ئاوی لیمۆ بە مەبەستی ئاسانكردنی جوولەی پەنجەكان لەكاتی فشاركردن لەسەر پێستدا، واباشترە كە سەری پەنجەكان بە كەمترین فشاردان هاوكات لەگەڵ جوولەی نەرم بەكاربێت.