كەمی مەگنسیۆم هۆكارە بۆ سەرئێشە

كەمی مەگنسیۆم هۆكارە بۆ سەرئێشە
ئەمە راستییەكی زانستییە كە كەمی ماددە گرنگەكان لە خۆراكدا دەبێتە هۆی سەرئێشە. لەوانەیە كە پاش زیادكردنی كاتژمێرێك نووستن، بەكارهێنانی دەرمانی دژە ئازار، خواردنەوەی كوپێكی زیاتری چای یان قاوە، هێشتا سەرئێشەكەت بە تەواوی سووك نەبێت چونكە بە سادەیی لەوانەیە كە هۆكاری سەرئێشەكەت كەمی یەكێك یان پتر لە ماددە خۆراكییە گرنگەكان بێت. كەمی فۆلێت Folate یان ڤیتامین B9 و كانزای مەگنسیۆم هۆكاری سەرەكین بۆ سەرئێشە. ئەگەر رۆژانە بڕی كانزای مەگنسیۆم لە خۆراكدا بۆ یەكێك پێگەیشتوو كەمتر بێت لە پێویستی رۆژانە كە بریتییە لە 320- 420 ملگم، ئەوا لەوانەیە كە دوچاری سەرئێشە بیت كە هاوشێوەی ئازاری شەقەسەرە. سەرچاوە خۆراكییەكانی مەگنسیۆم بریتین لە سەوزە گەڵا تاریكەكان، پاقلەمەنییەكان، كاكڵەكانی وەكو گوێز و باوی و كازو، تۆوەكان، دانەوێڵەی تەواو. كەمی ڤیتامین B9 دەبێتە هۆی جۆرێكی كەمخوێنی و سەرئێشە، پێویستی رۆژانە بۆ یەكێكی پێگەیشتوو تەنیا 400 مایكرۆگرامە، بۆ ئافرەتی دووگیان و شیردەریش 500- 600 مایكرۆگرامە. سەرچاوە خۆراكییەكانی ڤیتامین B9 بریتین لە: سەوزە، میوە، كاكڵەكان، لۆبیا، فاسولیا، ئەلبان، پەڵەوڕ، گۆشت، هێلكە، دانەوێڵە. ریجیمی سەخت و كەمی كاربۆهیدراتیش لەوانەیە كە ببێتە ئەگەری سەرئێشە.
Top