وشكبوونی پێست هانی لۆچبوون دەدات

وشكبوونی پێست هانی لۆچبوون دەدات
وشكبوونی پێست Skin dryness حاڵەتێكی باوە بەتایبەتی لە وەرزی زستاندا لەبەر بەركەوتنی پێست بە هەوای سارد لە دەرەوە و بە هەوای گەرمی ناو ماڵ و ژوورەكان كە دەبنە ئەگەری كەمبوونەوەی رێژەی شێداری. سپلیت و تەزووی هەوای گەرم پتر پێست وشك دەكات، دەرەنجام پێست لەبەر ونكردنی تەڕێتی دەقڵیشێت و تفر فڕێ دەدات، پاشان سوور هەڵدەگەڕێت و دەسووتێتەوە و خورشت پەیدا دەكات. وشكبوونی پێست رێگا بۆ زوو لۆچبوونی پێست خۆش دەكات. زیاد خۆشووشتن بەتایبەتی بە سابوونی بەهێز هۆكارێكی ترە بۆ وشكبوونی پێست، هەروەها ئەكزیما Eczema هۆكارێكی ترە. بۆ خۆپاراستن لە وشكبوونی پێست پەیڕەوی چەند خاڵێك بكە وەكو: رۆژانە خواردنەوەی بڕێكی باش ئاو، مانەوە بۆ ماوەیەكی كورت لە گەرماودا، ئاوی زۆر گەرم بەكارمەهێنە، كەمترین سابوون بەكاربێنە بەتایبەتی بۆ دەموچاو و بن كەوش و ناوگەڵ، پێست بە تەواوی و بە نەرمی وشك كەرەوە، بەكارهێنانی ماددەی شێداركەرەوەی پێست لەپاش گەرماودا. ئەگەر ئەم هەنگاوانە بێ سوود بوون، پێویست بە چارەسەری پزیشكی دەكات. چینی دەرەوەی پێست وەكو بەرگێكی پلاستیكی وایە كە دەیخەیتە سەر كێك بۆ پاراستنی تەڕێتی و تازەیییەكەی. ئەم چینەی دەرەوەی پێست، لە خانەی مردوو پێكهاتووە كە نوقمن لەناو ئەو چەورییە سروشتییەی كە خانە زیندووەكانی پێست لە ژێرەوە دەریدەدەن. ئەم چەورییە وەكو بەربەستێكی سروشتی نایەڵێت كە ئاو لە لەشدا بچێتە دەرەوە، هەروەها نایەڵێت كە مادە و میكرۆب بچنە ناو لەش. خانەكان و مادە چەورییەكان لەم چینەی پێستدا بڕێكی دیاریكراوی ئاو رادەكێشن، ئەمەیە كە پێست لووس و نەرم دەهێڵیتەوە. هەر كە ئەم ماددە چەورییە كەم دەبێت یان نامێنێت، ئەوا بڕە ئاوەكەی چینی سەرەوەی پێست خێراتر لە پێست جیادەبێتەوە یان دەبێتە هەڵم، دەرەنجام پێست وشك دەبێت و بەربەست لەبەردەم میكرۆبەكانیش واڵاتر دەبێت.
Top