ئایا كاتێكی زۆر لەگەڵ سمارتفۆن Smartphone یان تابلێتەكەت بەسەر دەبەیت؟ بەكارهێنانی سمارتفۆن و گەڕان لە پەیجەكانی ئینتەرنێت تا كاتی نووستن لەوانەیە كە وروژێنەر بێت بۆ سەرهەڵدانی نۆرەی شەقەسەر. ئەمەش لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە زیاد بەكارهێنانی شاشەی سمارتفۆن یان شاشەی تابلێت هۆكارە بۆ سەرهەڵدانی نۆرەی شەقەسەر. لە لایەنی زانستییەوە هۆكارەكە دەگەڕێتەوە بۆ تیشكی شینی شاشەی سمارتفۆن یان هەر رووناكییەكی بەهێزی تر لە شاشەدا. هەروەها زیاد بەسەربردنی كات لەگەڵ تابلێت یان سمارتفۆندا هۆكارە بۆ لەبیركردنی كاتی ژەمی خواردن یان برسیبوون، ئەمەش وروژێنەرێكی دیكەیە بۆ نۆرەی شەقەسەر. جگە لەمانە، زیاد سەیركردنی یاری ڤیدیۆیی لەوانەیە كە ببێتە هۆی تێكدانی كاتەكانی نووستن یان كەم نووستن، ئەمەش سەلمێنراوە كە تێكچوونی خەو بەتایبەتی كەم نووستن وروژێنەرێكی باوە لەپاڵ سەرهەڵدانی شەقەسەر. هۆكارەكانی تری نۆرەی شەقەسەر كە پەیوەستن بە زیاد بەكارهێنانی تابلێت یان سمارتفۆن بریتین لە: مانەوە لەسەر پۆزیشنێكی تایبەتی لەش Posture، هیلاكبوونی چاوەكان، هەروەها زیاد خواردنی وروژێنەرەكانی شەقەسەر وەكو شوكولاتە. كەمكردنەوەی بەسەربردنی كات لەگەڵ سمارتفۆن یان تابلێتدا جگە لەوەی كە ئەگەری سەرهەڵدانی نۆرەی شەقەسەر كەم دەكاتەوە بەڵكو هەنگاوێكە بۆ خۆپاراستن لە گرفتەكانی تری پەیوەست بە زیاد بەكارهێنانیان وەكو زیادبوونی كێش و قەڵەوی، ماندووبوونی چاو و گرفت لە بینیندا، هەروەها كەمبوونەوەی تەركیز و چالاكیی فیزیكی.