ئایا دەزانی كە هەندێك جۆری چەوری پێویستن بۆ تەندروستیی و فرمانی دروستی چاو؟ ترشە چەورییەكان Fatty acids بەردی بناغەی چەورییەكانن، هەندێك ترشە چەوری زۆر گرنگ و پێویستن بۆ تەندروستی چونكە لەش توانای دروستكردنیانی نییە، بۆیە پێویستە كە تەنیا لە رێگای خۆراكەوە دابین بكرێن، بۆ نموونە ترشە چەورییەكانی ئۆمیگا3 و ئۆمیگا6. ترشە چەورییەكانی ئۆمیگا3 گرنگن بۆ تەندروستیی چاو كە لە 3 جۆر پێكهاتوون: DHA، EPA، لەگەڵ ALA. لە گەلێك لێكۆڵینەوەدا هاتووە كە ترشە چەورییەكانی ئۆمیگا3 گرنگن بۆ پەرەسەرندن و گەشەكردنی چاوی منداڵ لە تەمەنێكی زوودا.ئۆمیگا3 لە شیری دایكدا هەیە، هەروەها دەخرێتە فۆرمیولای منداڵان بە مەبەستی هاندانی گەشە و توانای بینین. ئەمەش روونكراوەتەوە كە بوونی ئۆمیگا3 لە خۆراكی ئافرەتی دووگیاندا گرنگی هەیە بۆ پەرەسەندن و گەشەی چاوی كۆرپە. ئۆمیگا3 رۆڵی هەیە بۆ پاراستنی چاو لە وشكبوون و گۆڕانەكانی پەیوەست بە تەمەن Macular degeneration كە كاریگەری خراپ دەكەنە سەر سەنتەری تۆڕەی چاو بەمەشەوە بینین بە توندی كز دەبێت. هەروەها لە لێكۆڵینەوەكاندا جەخت لەمە كراوەتەوە كە ئۆمیگا3 رۆڵی هەیە بۆ كەمكردنەوەی پەستانی ناو چاو، ئەمەش چاو لە تووشبوون بە ئاوی رەش دەپارێزێت. سەرچاوە خۆرراكییەكانی ئۆمیگا3 ئەمانەن: ماسی، سۆیا، زەیتی كەتان، سپێناغ.