هەناسەتەنگیDyspnea حاڵەتێكی باوە، مایەی ناڕحەتییە، لەگەڵ هەستكردن بە پڕنەبوونی سییەكان بە هەوا. تووشبوو بە هەناسەتەنگی، گرفتی هەیە لە وەرگرتنی هەناسەی قووڵدا یان لە توانایدا نییە هەناسەی قووڵ هەڵكێشێت. هەموو حاڵەتەكانی هەناسەتەنگی نەخۆشییان لەپاڵەوە نییە، بۆ نموونە بە شێوەكی ئاسایی هەناسەڕاوكێ لەم حاڵەتانەدا روودەدات: مەشقی وەرزشی توند، چوون بۆ شوێنی بەرز، گۆڕانی گەورەی پلەی گەرمی، لەوانەشە هەناسەتەنگی نەخۆشی گەورەی لەپاڵەوە بێت. ئەو نەخۆشییانەی دەبنە ئەگەری هەناسەتەنگیی تیژ ئەمانەن: رەبو، پەككەوتنی دڵ، پەستی، هەوكردنی شانەی سییەكان، هەستەوەری، كەمخوێنی، بەركەوتن بە ئاستی بەرزی یەكەم ئۆكسیدی كاربۆن، دابەزینی پەستانی خوێن، قۆڕیی ناوپەنچك Hiatal hernia. هەناسەتەنگی بۆ ماوەی زیاتر لە یەك مانگ بە هەناسەتەنگیی درێژخایەن دادەنرێت كە هۆیەكانی بریتین لە: نەخۆشی درێژخایەنی كۆئەندامی هەناسە، هەوكردنی بۆڕییەكانی هەناسە، قەڵەوی، رەبو، نەخۆشی سیل، شێرپەنجەی سییەكان، هەوكردنی شانەكانی دەوری سییەكان Pleurisy، كۆبوونەوەی بڕێكی زیادی شلە لەناو سییەكاندا، بەرزبوونەوەی پەستانی ناو سییەكان، نەخۆشی ماسوڵكەی دڵ، ناڕێكیی لێدانەكانی دڵ، هەوكردنی شانەكانی دەوری دڵ Pericarditis. لە هەموو حاڵەتەكاندا، وروژێنەرەكانی هەناسەتەنگی بریتین لە پیسكارە كیمیاییەكانی هەوا، تۆزوخۆڵ، هەروەها دوكەڵ.